دوای دوو مانگ لە ئاگربەست لە نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دوای شەڕێكی 15 مانگی، لە دوێنێوە هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل لە غەزە دەستی پێ كردووەتەوە، ئەمڕۆش سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە دەستی بە هێرشێكی سنوورداری زەوینی كردووە.
سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە دەستیان بە هێرشێكی سنوورداری زەوینی لە ناوەڕاستی كەرتی غەزە كردووە، بەتایبەتی دەروازەی نتساریم، بۆیە ئێستە هێزەكانی ئیسرائیل لە ناوەڕاست و باشووری غەزە هەن و ئامانجیش دروستكردنی ناوچەیەكی دابڕاوە لە نێوان باكور و باشووری كەرتی غەزە.
ئەفیغای ئادرعی گوتەبێژ بە ناوی سوپای ئیسرائیل لە پۆستێكی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، لە 24 سەعاتی رابردوو سوپای ئیسرائیل دەستی بە هەڵمەتێكی سنوورداری زەوینی لە ناوچەیەك لە ناوەڕاست و باشووری كەرتی غەزە كردووە، ئەوەش بە مەبەستی فرەوانكردنی ناچەی دابڕاو و دروستكردنی ناوچەیەكی جیاكەرەوە لە نێوان باكور و باشووری كەرتەكە.
لای خۆیەوە یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل خەڵكی غەزەی وریاكردەوە و داوای كرد كە دەبێت هەموو بارمتەكانی لای حەماسن بگەڕێندرێنەوە یان غەزە بە تەواوەتی وێران دەكرێت، دووپاتی كردەوە، سنواری یەكەم، وەك ئاماژە بۆ یەحیا سنوار، غەزەی وێران كرد، سنواری دووەمیش، واتە براكەی بە تەواوەتی وێرانی دەكات، بۆیە بەمنزیكانە دوورخستنەوەی خەڵكەكە لە ناوچەكانی شەڕ دەست پێ دەكات، هێرشە ئاسمانییەكان سەرەتا بوون و ئەوەی دێت سەختترە، ئەگەر پلانەكەی ستیف ویتكۆف نێردراوی ئەمەریكا جێبەجێ نەكرێت، سوپای ئیسرائیل لە غەزە پێشڕەوی دەكات.
وەڵام بدەوه