ئەمڕۆ هەینی 7/3/2025، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی لە سووریا و تاراوگە، بەیاننامەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، پارێزگاریی نێودەوڵەتی بۆ شارەکانی کەناراوەکانی سووریا دابین بکات.
هەر لە بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەویدا ئاماژە بەوەش دراوە: "ناردنی ئەو هێزە زۆرە بە ناوی شەڕکردن دژی پاشماوەکانی ئەسەد بۆ تۆقاندن و توندوتیژییە بەرامبەر بە خەڵك."
ئەم بەیاننمەیە دوای ئەوە دێت، دوێنێ پێنجشەممە 6/3/2025، شەڕێکی سەخت لە نێوان هێزە عەلەوییەکان لەلایەک و هێزەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع لە لایەکی دیکە لە چەند ناوچەیەکی کەناراوەکانی سووریا دەستی پێکرد
هەر لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكانی دوێنێوە، ئاژانسی هەواڵی عەرەبیی سووریا (سانا) لە زاری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای لازقییەوە بڵاوی کردبووەوە: "ئەو گرووپە چەکدارانەی کە هێزە ئەمنییەکانمان لە لادێکانی لازقیە لەگەڵیاندا پێکدا دەدەن، سەر بە تاوانباری جەنگ سوهەیل ئەلحەسەنن."
پێشتریش سەرچاوەیەکی ئەمنی لە لازقییە ڕایگەیاندبوو: "کۆمەڵێک لە پاشماوەکانی میلیشیاکانی ئەسەد ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی بەرگری لە نزیک شارۆچکەی بەیت عەنا لە گوندەواری لازقییە دەکەنە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان چەکداری ئاسایشی سووریا."
هەر دوێنێ و بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانەوە، ئیدارەی ئاسایشی گشتی لە شاری حومس و تەڕتووس، سەپاندنی قەدەغەی گشتیی هاتوچۆی ڕاگەیاند و لە كاتژمێر 10ی شەوی ڕابردووەوە تا كاتژمێر 8ی بەیانیی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
وەڵام بدەوه