ئەمڕۆ شەممە 15/2/2025، ئیسرائیل رایگەیاند كە بەپێی ئاگربەست و دانوستانی نێوان خۆیان و حەماس، ژمارەیەك دیلی فەلەستینی كە بە لەسێدارەدان حوكم درابوون، ئازاد كرد، لەناویاندا مازن قازی.
قازی، خەڵكی شاری ئەلبیرەی نزیك رامەڵایە، ساڵی 2002 لە كردەوەیەكدا لە چێشتخانەی (سی فود ماركێت)دا سێ ئیسرائیلیی كوشت، هەروەها ئەو دیلە بوو كە بەپێی راگەیاندنەكانی ئیسرائیل، پەیوەندیی سێكسی لەگەڵ پێنج كچە پاسەوانی ئیسرائیلیدا هەبوو لە بەندیخانەی رامۆن لە ساڵی 2023.
مانگی ئەیلوولی 2023، لێكۆڵینە ئەمنییەكانی ئیسرائیل ئاشكرایان كرد كە كردەوەیەكی ئابڕووبەر لە بەندیخانەی ڕامۆندا هەبووە، راگەیاندنەكانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە دا، لە دیلكراوی فەلەستینی مازن قازی كە سزای هەتاهەتایی هەیە، پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵ پێنج لە كچە پاسەوانەكانی بەندیخانەکەدا بەستووە.
راپۆرتەكان رایانگەیاند، قازیی تەمەن 43 ساڵ، مۆبایلێكی لای خۆی لە بەندیخانە شاردووەتەوە و بەهۆیەوە پەیوەندیی بە كچە پاسەوانەكانی ئیسرائیلییەوە كردووە و وێنەی لەگەڵدا ئالوگۆڕ كردوون.
بەگوێرەی راگەیاندنەكانی ئیسرائیل، لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا، كچە پاسەوانێكی ئیسرائیلی دانی بە بوونی پەیوەندییەکەی لەگەڵ قازی ناوە و ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە چوار كچی دیكەی پاسەوان هەمان پەیوەندییان لەگەڵ قازیدا بەستووە.
بەهۆی ئەو كردەوە ئابڕووبەرە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی بڕیاریاندا كە كچەكان لە پاسەوانیی بەندیخانە دووربخاتەوە، نەبادا كردەوەی دیكەی هاوشێوە رووبدات.
دەزگاكانی راگەیاندن ئەوكات لە زاری بەرپرسێكی فەلەستینی رایانگەیاند كە جێی لۆژیك نییە شتی وا رووبدات، دەکرێ هەبوونی جۆرێك لەو پەیوەندییە قۆستنەوەیان بوو بێ بە مەبەستی بەكارهێنیان لە گواستنەوەی پەیوەندیی تەلەفۆنی.
ئەو رووداوە مشتومڕی زۆری لە نێوەندی ئیسرائیلیدا نایەوە، بەهۆیەوە قازی گواسترایەوە بۆ ژوورێكی جیا بە مەبەستی لێپرسینەوە، هەروەها كچە پاسەوانیشیان خستە ژێر مانەوەی ناچاری بۆ لێكۆڵینەوەكردن لەگەڵیاندا، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ دوژمن و خیانەتكردن.


وەڵام بدەوه