جۆ یویڵسۆن، ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریكی و یەكێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، زنجیرەیەك پۆستی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی X كردووە كە تێیدا ئاماژە بە سیاسەتی نوێی وڵاتەكەی دەكات و لەمیانەیاندا باسی لە ئازادبوونی عێراق لەدەست ئێران كردووە.
ئەو كۆنگرێسمانە لە یەكێك لە پۆستەكانیدا كە ئەمڕۆ هەینی، 24ی كانوونی دووەم كردوویەتی، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئێستە كۆماری ئیسلامیی ئیران زۆر لاواز بووە و دۆستەكانی كەم بوونەتەوە، هەروەها دەڵێ، كەم كەس چاوەڕێی ڕووخانی ئەسەدی دەكرد و ڕووخا، بە هەمان شێوە گەلی ئێرانیش ئەو ڕژێمە دەڕووخێنێت.
هەر ئەمڕۆ لە پۆستێكی پێشتریدا جۆ یویڵسۆن نووسیویەتی، عێراق لەدەست ئێران ئازاد دەبێت. ئەمەش هاوشێوەی پۆستێكی دواترییەتی كە نووسیویەتی، یەمەن لەدەست ئێران ئازاد دەبێت.
لەژێر ئەم زنجیرە پۆستەیدا لەبارەی سیاسەتی نوێی وڵاتەكەی بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە بەرانبەر ئێراندا، دوێنێ پێنجشەم نووسیبووی، پێوەندییەكانی ئەمەریكا و سعوودیە بۆ سەقامگیریی جیهانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی ئێران زۆر پێویستە.


وەڵام بدەوه