وەزیری دەرەوەی سووریا لە حكوومەتی كاربەڕێكەری سووریا، ئەسعەد شەبیانی ڕاگەیاندووە: حكوومەتی نوێ بەڵێنی دەستەبەری مافەكانی كوردی لە دەستووری نوێ و نوێنەرایەتییان لە حكوومەت داوە، هاوكات باس لەوە دەكات بوونی هەسەدە هیچیدیكە پاساوی نییە.
ناوبراو لە دیدارێكیدا بۆ ڕۆژنامەی (فایننشاڵ تایمز)، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاندووە: پلان دادەنێن بۆ بەتایبەتكردنی ئابووری و كارگەكانی دەوڵەت، هاوكات بانگەوازی بەهێزكردنی بازرگانی و دۆخی ئابووری لە ڕێگەی وەبەرهێنانی بیانییەوە دەكات.
دەشڵێت:"ڕوانگەی ئەسەد بریتی بوو لە دەوڵەتێكی ئەمنی، بەڵام ڕوانگەی ئێمە گەشەپێدانی ئابوورییە."
لەلایەكی دیكەوە ئەو وەزیرەی دەرەوەی سووریا ڕاگەیاندووە:هەناردەكردنی شۆڕش و دەستوەردان لە كاروباری دەوڵەتان لە پلانی حكوومەتی نوێی سووریادا نییە. بەڵكوو تەنیا كار بۆ گەشەپێدانی سووریا دەكەن.
ناوبراو لەبارەی (هەسەدە)وە كە ڕێژەی 25%ی جوگرافیای باشوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای لەبەر دەستە، ڕاگەیاندووە: "بوونی ئەو هێزانە پاساو هەڵناگرێت، ئەوان ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ ئەو هێزانەدا دەكەن و دیمەشقیق ئامادەیە دەست بەسەر ئەو زیندانانەدا بگرێ كە هەزاران چەكداری داعشیان تێدایە."
هەر لەمبارەیەوە گوتوویەتی:"ئیدارەی نوێی سووریا ئامادەیە ئەو هێزانە لەگەڵ سوپادا تێكەڵ بكاتەوە كە توركیا پێی وایە هەڕەشەن و پەیوەندییان لەگەڵ پەكەكە هەیە."
شەیبانی دەڵێ:"بەڵێنمان داوە مافەكانی كورد لە دەستوور و حكوومەتی نوێدا بپارێزین."


وەڵام بدەوه