KurdistanPress...

CLOSE

ئیسرائیل سازش لەسەر 5 زیندانی فەلەستینی ناکات

پێنج زیندانی فەڵەستنی لە زیندانەکانی ئیسرائیل هەن، بەهۆی سزا و تاوانەکانیان، لە هیچ یەکێک لە گەڕەکانی دانوستان، شاندی ئیسرائیل سازشی لەسەر نەکردوون و حکوومەتی ئیسرائیل ئامادە نییە ئازادیان بکات.

کەناڵی تەلەفزیۆنی "کان"ـی ئیسرائیلی زانیاریی لە بارەی هەر پێنچ زیندانییەکە ئاشکرا کردووە و بڵاویکردووەتەوە، چوار کەسیان سەر بە بزووتنەوەی حەماسن و ئەوی دیکە سەر بە بزووتنەوەی فەتحی فەڵەستینە و سەرجەمیشیان سزای زیندانی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کەناڵە ئیسرائیلییەکە بڵاوکردووەتەوە، پێنج زیندانییەکە ئەمانەن:

1- عەباس محەممەد مستەفا ئەلسەید، لە دایکبووی 13ی ئایاری 1966 شاری توڵکەرەمە و سەرکردەی سیاسیی و فەرماندەی باڵی سەربازی حەماس بووە، ساڵی 2002 دەستگیرکراوە و سزای 100 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

عەباس محەممەد مستەفا ئەلسەید

2-ئیبراهیم حامد، لە 14ی تشرینی دووەمی 1965 لە شارۆچکەی سلوادی پارێزگای ڕامەڵلا لە دایکبووە، لە بەری ڕۆژئاوای فەڵەستین فەرماندەی کەتیبەکانی عزەددین قەسام بووە لە بزووتنەوەی حەماس، لە 23ی ئایاری 2006 دەستگیرکراوە و فەرماندەی باڵی سەربازی حەماسە و لە دووەم ڕاپەڕینی کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین دەستگیرکراوە و سزای 54 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

ئیبراهیم حامد

3-عەبدوڵلا غالب عەبدوڵلا جەمەل بەغوسی، لەدایکبووی 1972ـە، لە کۆریای باشوور ئەندازیاری خوێندووە و پسپۆری دروستکردنی تەقەمەنی بووە، یەکێک بووە لە سەرکردەکانی حەماس لە بەری ڕۆژئاوای فەڵەستین، هەروەها لە ساڵی 2003 دەستگیرکراوە، 67 جار سزای زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە.

عەبدوڵلا غالب عەبدوڵلا جەمەل بەغوسی

4-حەسەن عەبدولڕەحمان حەسەن سەلامە، ئابی 1971 لە کەمپی ئاوارەکانی خان یونس لە کەرتی غەززە لەدایکبووە.

پێشتر لە ساڵانی 1988 تا 1992 لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە پێنج جار دەستگیرکراوە و دواتر ئازادیان کردووە، دواجار حکوومەتی ئیسرائیل لە 2011 ڕەتیکردەوە بەرانبەر بە ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان ئازادی بکات، تاوەکوو ئێستا 48 جار زیندانی تاهەتایی بۆ دەرکراوە.

حەسەن عەبدولڕەحمان حەسەن سەلامە

5-مەروان بەغوسی، سەرکردە لە بزووتنەوەی فەتح و کاندیدی شوێنگرەوەی مەحموود عەباس، لە 6ـی حوزەیرانی 1959 لەدایکبووە، ساڵی 2004 بە تاوانی کوشتنی ئەنقەست دەستگیرکراوە و لەلایەن دادگای ئیسرائیل پێنج جار سزای تاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە.

 مەروان بەغوسی

دوای پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی شەڕ لە کەرتی غەززە، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە جێبەجێ بکرێت و ئیسرائیل لیستێکی 737 کەسی زیندانیانی فەڵەستی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ئازادیان بکات.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه