KurdistanPress...

CLOSE

پەیامی محەمەد جۆلانی گەیشتە ئێران

وەك شارەزایان ئاماژە دەكەن كە خەریكە هەریەك لە سووریا و لبنان بەتەواوەتی لەژێر هەژموونی ئێران دەردەچن، لە سووریا رژێمی بەشار ئەسەد رووخا و دەسەڵاتێكی سوننە شوێنی گرتەوە، لە لبنان فەرماندەی سوپا كە لە لایەنی ئەمەریكا هاتە سەپاندن، كرایە سەرۆك كۆمار و ئەویش باسی پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی كرد، دیپلۆماتكارێكی ئێرانی ئاشكرای كرد كە دوێنێ سوودانی پەیامێكی ئەحمەد شەرعی گەیاندووەتە بەرپرسانی ئێران.

ئەو دیپلۆماتكارە روونی كردەوە، لە سەردانەكەی دوێنێ چوارشەمی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاران، پەیامێكی ئەحمەد شەرع سەرۆكی دەسەڵاتی نوێی سووریای گەیاندە مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران سەبارەت بە پێوەندییەكانیان، شەرع داوای كردووە ئێران هەڵوێستی بەرانبەر بە سووریا نوێ بگۆڕێت.

بەپێی بەرپرسەكە سوودانی ئەو پەیامەی لە رێگەی سەردانەكەی دوایی حەمید شەتری سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق بۆ دیمەشق و دیداری لەگەڵ ئەحمەد شەرع بەدەست گەیشتووە و ئەو بۆ بەرپرسانی ئێرانی گواستووەتەوە، لە پەیامەكە شەرع ئامادەیی سووریای پێشان داوە بۆ هاریكاری لەگەڵ ئێران بەو مەرجەی دەست لە كارەكانی سووریا وەرنەدات.

بەپێی ئەو بەرپرسە یەكێك لە گرنگترین ئامانجەكانی سەردانەكەی سوودانی بۆ تاران، نزیككردنەوەی بۆچوونی حكوومەتی ئێستەی سووریا و تارانە، ئێمەش پێمان وایە كاتەكە بۆ پێوەندیكردنی تاران بە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق گونجاوە، لە سایەی ئەو گفتۆگۆیەی ئێران دەیەوێ لەگەڵ رۆژئاوا دەستی پێ بكات، بۆ ئەوەش عێراقییەكان دەتوانن رۆڵی كاریگەر بگێڕن.

دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، گۆڕانكاریی گەورە لە ناوچەكە دروست بووە و چاوەڕوان دەكرێت دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا بۆ كۆشكی سپی گۆڕانكاری زیاتریش دروست ببێت، دوێنێ سوودانی چەند دۆسەیەكی لەگەڵ خۆی بردە تاران، گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەكان بوو، كە ئێستە ئەمەریكا و رۆژئاوا گوشارێكی زۆر لە حكوومەتی عێراق دەكەن بۆ داماڵینی چەكەكانیان و یەكخستنیان لەگەڵ هێزە تەناهییەكانەوە.  

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه