ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەزە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان زۆر نزیکە، بە هیوای ئەوەی لە ماوەی مانەوەی ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدندا بگەینە ئەو ڕێککەوتنە.
سەبارەت بە دۆخی لوبنان، بلینکن ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا پشتڕاستی کردەوە میکانیزمی چاودێریکردنی ئاگربەست لە لوبنان بە باشی کار دەکات، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەم وڵاتەدا لە ڕێگەی ئەمریکا و فەرەنسا هاتە دی.
ناوبراو هیوای خۆی بۆ ئاشتیی بەردەوام لە لوبنان دەربڕی و گوتی: "دوێنێ بینیمان زیاتر لە یەک لەسەر سێی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان کشاونەتەوە، من باوەڕم وایە ئاگربەست دەتوانێت پردێک بەرەو ئاشتی بەردەوام پێک بهێنێت."
ئەو بەرپرسە دیپلۆماسییە ئەمریکییە هەروەها باسی لە شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکراینا کرد و گوتی: "پوتین ویستی ئۆکراینا لەسەر نەخشە بسڕێتەوە و شکستی هێنا لەو کارەدا."
بلینکن ئاماژەی بە لێدوانەکانی ئەمدواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا سەبارەت بە گرینلاند کرد و گوتی: ئەو لێدوانانە باش نین و لە هەمووی گرنگتر، بەدی ناهێنرێن و نابێت کاتیان بۆ بەفیڕۆ بدرێت."
وەڵام بدەوه