میدیاکانی دنیا باس لە ئامادەکاریی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بە تایبەتی دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ دەکەن. لە 20ی ئەم مانگەوە ترەمپ بە فەرمی دەچێتە کۆشکی سپی و وەک سەرۆک دەست بە راپەراندنی ئەرکەکانی دەکات.
بێرد کووپەر یاریدەدەری فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا کە بە سێنکۆم ناسراوە لە چەند رۆژانی رابردوودا دیدارێکی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلدا ئەنجام دا و یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسانەی قسەیان لەسەری کرد دواکەوتنی ئەو چەکانەیە بڕیار بووە جۆ بایدن بۆ ئیسرائیلیان دابین بکات.
وا پێدەچێت ئیسرائیل هیچ ئومێدێکی نەبێ لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی لە دەسەڵاتی بایدن ماوە چەکەکانی بەدەست بگات بۆیە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە سەردەمی ترەمپدا وێڕای وەرگرتنی چەکە پێشکەوتووەکان خۆی بۆ گورزوەشاندن لە ئێران ئامادە بکات.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمەریکا هەڵسەنگاندنی وردیان بۆ پێگەی سەربازیی ئیسرائیل و پاراستنی ئەو وڵاتە لە هەر جۆرە هێرشێکی دەرەکی بە تایبەتی حووسییەکان و ئێران و گرووپە چەکدارەکان کردووە.
ئەو ئەگەرە زۆرە ترەمپ دوای هاتنی بۆ کۆشکی سپی ئەو مافە بە ئیسرائیل بدات بنکە ناوکییەکانی ئێران بکاتە ئامانج.
ئیسرائیل نیازی ئەوەی هەبوو هەر لە سەردەمی بایدندا گورزەکەی بوەشێنێت بەڵام وا پێدەچێت دوای خستبێت بۆ دوای هاتنی ترەمپ، جگە لەمە پێوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ترەمپ گەرم و گوڕترن و دیموکراتەکان هەر چەندە یارمەتیی ئیسرئیلیان دا و پشتیان گرت بەڵام لە هەمان کاتدا پێیان خۆش نەبووە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لە نێوانیان بێتە کایەوە.
ئیسرائیل پێشتر زیانی زۆر کەریگەری بە ئێران گەیاندووە و تەواوی بنکە مووشەکییەکان وکارگەکانی بەرهەمهێنانی درۆنی ئەو وڵاتەی لەناو بردووە و ترسە سەرەکییەکەی لە چالاکییە ئەتومییەکانە کە ئەگەری زۆرە هەر لەمساڵدا بە خۆشی یان بە ناخۆشی یەکلایی ببنەوە.
وەڵام بدەوه