تا ئێستە چیڕۆكی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا بەتەواوەتی روون نییە، چونكە هێزێكی زۆری رووسیا لە سووریا هەبوو و سوپای سووریا خاوەن ژمارەیەكی زۆر سەرباز و چەكی پێشكەوتووی رووسی بوو، بەڵام لەپڕ نە نە رووسیا و نە سوپای سووریا شەڕیان كرد، وەك بلێی رێككەوتنێكی ژێربەژێری لەگەڵ ئەمەریكا هەبوو، لەو ناوەدا ئێران زەرەرمەندی گەورە بوو.
بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی كرد، لە سووریا تووشی دۆڕانێكی گەورە هاتینەوە، رووسیا هۆكاری سەرەكیی رووخانی سووریا و رژێمی بەشار ئەسەد بوو، چونكە هەموو رادارەكانی كوژاندەوە، بۆ ئەوەی ئیسرائیل بتوانێت لە بارەگەی هەواڵگریی سەربازیی سووریا بدات و گەلی سووریاش بۆ لابردنی ئەسەد راپەڕین.
دووپاتی كردەوە، ئێران تۆڵەی كوژرانی حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنانی كردەوە و ئێستە لە پێدانی تەنكنۆلۆجیا بەو حزبە بەردەوامە، واشنتن توانای وەشاندنی گورزی لە ئێمە و حەشدی شەعبی لە عێراق هەیە، بۆیە راكێشانی ناوچەكە بۆ ناو شەڕ لە بەرژەوەندیی بەرەی بەرگریدا نییە، چونكە مووشەكەكانی ئێمە كاریگەریی زۆریان لەسەر پێگەكانی ئەمەریكا نییە و ئەگەر هێرشیان بكەینە سەر، دەیان پێگەی ئێمە دەكەنە ئامانج.
لای خۆیەوە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە ئەمەریكا لە هەوڵەكانی ئێران بۆ بنیاتنانەوەی دەسەڵاتی لە سووریا نیگەرانە، بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن، واشنتن پێی وایە ئێران هەوڵی بنیاتنانەوەی پردێكی زەوینی لە نێوان سووریا و لبنان دەدات، جیا لە رەوانەكردنی پارە و پاڵپشتیی دارایی بۆ حزبوڵای لبنانی، بۆیە ئەمەریكا لە هەوڵەكانی ئێران بۆ زیندووكردنەوەی باڵەكانی لە سووریا بە سوودبینین لە دۆخی ناسەقامگیریی ئەوێ نیگەرانە.


وەڵام بدەوه