هەواڵەكان لەبارەی ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل گەرمتر دەبن و گوتەبێژی سوپای پاسدارانیش هەڕەشەی توند دەكات.
بەشێك لە سەرچاوەكان لەوانەش پێگەی (وەتەن)ی كوێتی بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی 1ی 2025، عەلی محەمەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە: "هێرشی داهاتوومان بۆ سەر ئیسرائیل بەهێز و توند دەبێت و لە كاتی خۆیدا گورزێكی جەرگبڕ لەو وڵاتە دەدەین."
گوتووشیەتی: "هیچ بەربەستێك بۆ جێبەجێكردنی ئەو هێرشە نوێیانە لەبەردەم ئێراندا نییە و ئاسمانمان لەبەردەم كراوەیە، پشتیوانیی بەرەی مقاوەمە، بنەمای گرنگی بیروباوەڕی بەرگریمانە."
جەختی لەوەش كردووەتەوە: "ئێران لە دروستكردنی مووشەك و بەهێزكردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەردەوام دەبێت و ناوەستێت، بە نەیارانمان دەڵێین ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێكین."
بەپێی سەرچاوە ئیسرائیلییەكان، سوپای پاسدارانی ئێران، بەمدواییانە هەوڵ دەدات دووبارە هێزەكانی سەر بە خۆی لە ناوچەكەدا ببووژێنێتەوە و هەڕەشەی هێرشی سێیەمی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل دەكات.
ڕۆژی یەكشەممە، 5ی 1ی 2025، سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپای وڵاتەكە كرد لە دۆخی ئامادەباشیی چڕوپڕدا بن، بۆ هەر ئەگەرێكی هێرشی ئێران بۆ سەر وڵاتەكە.
وەڵام بدەوه