لە بەغدا حەوتەمین دیالۆگی نێودەوڵەتی لە ژێر ناونیشانی "رێگای گەشەپێدانی عێراق: هاوپەیمانی بەرژەوەندییەكان و گرەوە جیوپۆلیەتیكییەكان" بەڕێوەدەچێت. بەشێك لەچاودێران پێیان وایە، لایەنە شیعەكانی عێراق لەو پرۆژەیە پاشگەزبوونەتەوە.
وا بڕیارە حەوتەمین دیالۆگی بەغدا لە 20 و 23ی ئەم ماگە بەڕێوەبچێت. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای كۆبونەوەی لەگەڵ عەباس رادی ئەلئەمیری بەڕێوبەری پەیمانگای دیالۆگی عێراقی، تەوەرەكانی دیالۆگەكە و ناونیشانەكەی راگەیاند.
عێراق لەڕێی ئەو پڕۆژەیەوە دەیەوێت ببێتە ناوەندێكی ناوچەیی بارزگانی، پلانی هەیە وڵاتەكە بە ئەوروپا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا ببەستێتەوە.
بەڵام دوای دەستیوەردانەكانی توركیا لە سووریا سەركردەی لایەنە شیعییەكان هەڕەشەی پاشگەزبوونەوە لەپڕۆژەكە دەكەن، لەمبارەیەوە هادی عامری رایگەیاندووە، توركیا بووەتە مەترسی بۆ سەر دراوسێكانی، بۆیە رێگە نادەین سوود لە ئابوری عێراق ببینێت.
عامری كە وەك دیارترین سەركردەی شیعەكان دێتەهەژماردن ئەوەشی گوتووە، پاوانخوازی توركیا لەناوچەكە بووەتە مەترسییەكی ڕژد بەتایبەت بۆ عێراق.
دروستكردنی رێگەیەكی مۆدیرن بۆ پێوەستكردنی عێراق بە رێڕەوە بازرگانییە جیهانییەكان. بە گوتەی محەمەد شیاع سودانی پرۆژەكە جەخت لەسەر توانای عێراق دەكاتەوە بۆ ئەوەی رۆڵێكی گرنگی هەبێت لە سیستمی ناوەندیی ناوچەكەدا، بە جۆرێك كە ببێتە پردێك لە نێوان بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسییە جۆراوجۆرەكاندا.
ئەم پرۆژەیە كە توركیا زۆر دوپاتی دەكاتەوە پێی وایە، دەبێتە گرنگترین پرۆژەی ئابوری بۆ ناوچەكە و توركیا سودمەندی یەكەم دەبێت.
بەڵام سەرچاوەیەك بەرۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، سەركردەی شیعەكان فشاریان لەسودانی كردووە لەو پرۆژەیە پاشگەزبێتەوە، ئەمەش وەك كارتێك دژی توركیا بەكاربێت.
وەڵام بدەوه