جیا لە و بینەوبەردەی لە سووریا لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە هەشتی ئەم مانگەوە دروست بووە، بابەتی سەرهەڵدانەوەی داعش مەترسییەكی گەورەیە و جیا لە بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا، شارەزایان وریایی لەبارەوە دەدەن، بە كردەنیش لە ماوەی دوایی چەند هێرشێكیان ئەنجام داوە و كوژراو هەیە، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دووپاتی دەكاتەوە كە بەپێی زانیارییەكانیان داعش پلانی هەیە بۆ هێرشكردنە سەر ئەو دامەزراوانەی لە باكوری رۆژئاوای سووریا ئەندامانی داعشی تیادا گیراون.
مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە دیداری رۆژنامەی "زە وۆرد"ی بەریتانی دەڵێت، زانیاریی هەواڵگریمان هەیە بەوەی داعش پلانی بەدەستە بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوەكانی ئەندامانی رێكخراوەكە و ماڵباتەكانیانی تیادا گیراون، هاوكات هێرشە سەربازییەكانی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی بۆ سەر ناوچەكانمان، كاری كردووەتە سەر بڵاوبوونەوەی هێزەكانمان، ئەوەش كاریگەریی لەسەر ئەركی پاراستنی ئاسایشی ئەو دامەزراوانە دەبێت.
روونی كردەوە، ئێمە بەرژدی هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ئەو دامەزراوانە و پاراستنی ئاسایشیان دەدەین، سەبارەت بە دۆخی كۆبانی عەبدی دووپاتی كردەوە، چاومان لەوەیە بەرپرسانی ئەمەریكا و ئیدارەی ئێستەی ئەو وڵاتە گوشاری پێویست بخەنە سەر توركیا بۆ رێگرتن لە هێرشكردنە سەر كۆبانی و گەیشتن بە ئاگربەستێكی بەردەوام لە ناوچەكە.
شایەنی باسە ئەمەریكا لەوە دەترسێت رێكخراوی داعش لە سووریا سەر هەڵبداتەوە، بەتایبەتی دوای راپۆرتەكانی باسی ئەوە دەكەن ئێران دەیەوێ دۆخی سووریا سەقامگیر نەبێت، هاوكات لە ئەگەری هەر هێرشێكی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی بۆ سەر ناوچە كوردییەكان، رەنگە ببێتە هۆی لاوازبوونی هەسەدە و شكانی گرتووخانەكانی داعش و هەڵاتنی گیراوانی و دەست پێكردنی قۆناغێكی نوێی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، بۆیە ماوەیەكە ئەمەریكا هێزە تایبەتەكانی خۆی لە عێراقەوە بردووەتە نزیك گرتووخانەكانی داعش و كەمپی هۆل لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێكی لەناكاو.


وەڵام بدەوه