KurdistanPress...

CLOSE

ئەمریکا لە قسەکەی پاشگەزنابێتەوە

ئاژانسی (تاس)ی ڕووسی بڵاوی كردووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا 10 ملیۆن دۆلار دەدات بەرامبەر زانیاری دەربارەی سەرکردەی دەستەی تەحریری شام ئەحمەد شەرع، کە بە ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی ناسراوە.

ئاژانسە ڕووسییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ماثیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەتی کردووەتەوە پێشبینی ئەوە بکات، کە ئیدارەی ئەمریکا چی دەکات ئەگەر ئەحمەد شەرع دەستگیر کرا و ڕادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکان کرا.

ماثیو میلەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی دەوریدا رایگەیاند، بەڵێنی پێدانی خەڵاتێک بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو کەسەی زانیاریی دەربارەی سەرکردەی دەستەی تەحریری شام (پێشتر بەرەی نوسڕە) پێشکەش بکات، هێشتا کارایە و بەردەوام دەبێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی، ئایا ئەم بەڵێنە هێشتا بەردەوامە؟، گوتی: "ئەوە هەموو شتێکە".

پێشتر، تۆڕی تەلەڤزیۆنی (NC) لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکییەوە ڕایگەیاند، کە واشنتن لێکۆڵینەوە لە ئەگەری لابردنی گرووپی دەستەی تەحریری شام، کە بەشار ئەسەدی ڕووخاند، لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان دەکات.

هەروەها تۆڕەكە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وەرگرتنی بڕیارێکی لەو جۆرە مانای هەڵوەشاندنەوەی خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلارییە بەرامبەر زانیاری دەربارەی سەرکردەی گرووپەکە.

شایانی باسە، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە 10ی ئایاری 2017 ڕایگەیاند، کە خەڵاتێکی 10 ملیۆن دۆلاری دەدات بەرامبەر پێدانی زانیاری دەربارەی "ئەبو محەمەد جۆلانی، سەرکردەی ڕێکخراوی بەرەی نوسڕە، كە (ئێستا دەستەی تەحریری شام)ە.

لە ساڵی 2021دا، وەزارەتی دەرەوە دووبارە ڕاگەیاندنەکەی بڵاو کردەوە و نووسی: "بەخێر بێیت جۆلانی، چەند جوانیت، ئەم جلە جوانە چییە.. دەتوانیت جلەکانت بگۆڕیت، بەڵام هەر تیرۆریستیت.. خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلارەکە لەبیر مەکە.. زانیاریمان پێ بدە دەربارەی جۆلانی بۆ ئەوەی خەڵاتێک بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەرگریت".

لە ساڵی 2016دا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا (بەرەی نوسڕە) وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەبینێت، سەرەڕای ئەوەی ناوێکی نوێی هەڵگرتووە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه