فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگه‌یاند، داگیرکاری تورکیا ناوەستێت و ئێستا پیلانی هەیە هێرشبکاتە سەر كانتۆنی کۆبانێ، تەنانەت پیلانەکەی بریتییە لە لکاندنی و داگیرکردنی تەواوی خاکی سوریا، هەر بەوهۆیەشەوە کۆبانێ ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز و چه‌كدارانی سه‌ر به توركیا به پاڵپشتی چەکی قورس لە دۆخی ئامادەباشیدان، دەشڵێت، "شەڕی ئەردۆگان و بەکرێگیراوەکانیش دەبێتە سەرەتای شکست، ئازادیخوازان و گەلی بەشەرەفی ئێمەی کۆبانێ وانەی مێژویی فێری ئەردۆگان و چەتەکانی دەکەین".
فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه، "ئێستا سوریا چوەتە ناو پڕۆسەیەکی نوێ، لەگەڵ ڕوخانی ڕژێمی بەعس، ئێستا ئیدارەی دیمەشق گۆڕاوە و دیارنییە ئایندەی سوریا چۆن ده‌بێت، توركیا به پشتیوانی گروپه چه‌كداره‌كانی هێرشیكرده سه‌ر شاری مه‌نبه‌ج و له‌شكركێشی كرده سه‌ر به‌نداوی تشرین و ناوچه‌ی قه‌ره‌قۆزاك به‌ڵام دوای پێنج ڕۆژ له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هێزه‌كانمان ئه‌و له‌شكركێشییه تێكشكێنرا".
بێگومان داگیرکاری تورکیا ناوەستێت و ئێستا بەنیازە هێرش بکاتە سەر شاری کۆبانێ
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "بێگومان داگیرکاری تورکیا ناوەستێت و ئێستا بەنیازە هێرش بکاتە سەر شاری کۆبانێ، تەنانەت پیلانەکەی بریتییە لە لکاندنی و داگیرکردنی تەواوی خاکی سوریا، هەر بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز و چەتەکانی لەگەڵ چەکی قورس‌دا لە دۆخی ئامادەباشیدا لە سەرتاسەری ناوچەکەدا هێشتوەتەوە، هەروەها ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر کۆبانێ و هەڕەشەش دەکات".
داعش له‌سه‌ر ده‌ستی ئێمه شکستی خواردوە و ئەمڕۆ تورکیا وەک تۆڵە لە داعش هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانە
فه‌رمانده‌یی گشتی ده‌ڵێت، "هەمو دونیا دەزانن کە ئێمە هێزێکی شەرعین وەکو و هەمو ئەنجومەنەکانمان و شەڕێکی زۆر سەختمان لە دژی داعش کردوه و خەباتمان كردوه تا ئێستاش بەردەوامە، له‌گه‌ڵ هەمو جیهان ئاهەنگی سەرکەوتنمان لە دژی داعش گێڕا، داعش كه له‌سه‌ر ده‌ستی ئێمه شکستی خواردوە و ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا وەک تۆڵە لە داعش هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانە".
هەروەک چۆن کۆبانێ سەرەتای لەناوچونی داعش بو، بۆ ئەردۆگان و بەکرێگیراوەکانیش دەبێتە سەرەتای شکست
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، "هەموان دەزانن داعش لە کۆبانێ شکستی هێنا، كورد لە کۆبانێ بۆ ئازادی گەلی کورد و هەمو گەلی ناوچەکە، تەنانەت بۆ پاراستنی هەمو جیهان لە هەڕەشەکانی داعش، کەرامەتی مرۆڤایەتی پاراست، ئەوانەی دەیانگوت؛"کۆبانێ کەوتوە، دەڕوخێت ئەمڕۆ، ئێمە وەک هه‌سه‌ده ئیرادەمان هەیە، تا کۆتایی دژی ئەم هێرشانە دەوەستینەوە، هەروەک چۆن کۆبانێ سەرەتای لەناوچونی داعش بو، بۆ ئەردۆگان و بەکرێگیراوەکانیش دەبێتە سەرەتای شکست، ئازادیخوازان و گەلی بەشەرەفی ئێمەی کۆبانێ وانەی مێژویی فێری ئەردۆگان و چەتەکانی دەکەین".
داوا له هاوڵاتیانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌كات بەرخۆدانی شەرەف زیاتر بکەن
هه‌سه‌ده داوا له هاوڵاتیانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌كات "بەرخۆدانی شەرەف زیاتر بکەن، ئێستا ئەو کاتەیە کە گەنجان یەک بە یەک بچنە ناو ریزه‌كانی هه‌سه‌ده‌وه، ئەگەر بمانەوێت بنەماڵەکانمان و گەلەکەمان لەسەر خاکەکەمان بە ئارامی و کەرامەتەوە بژین، ئەوا دەبێت بە زوترین کات بچینە ڕیزەکانی شه‌ڕڤانه‌وه، بەم هەڵوێستە خۆڕاگرانە دەتوانین ژیانێکی ئازاد و سەلامەت مسۆگەر بکەین".
وەڵام بدەوه