رووسیا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی زۆر بەرگری لە رژێمی بەشار ئەسەد دەكرد و توانی ماوەی چەند ساڵێك لە رووخان بیپارێزێت، بەڵام رژێمەكە لە هەشتی ئەم مانگە رووخا، رووسیا دوو بنكەی سەربازی لە سووریا هەیە، ئاژانسی "بلوومبێرگ" ئاماژەی كرد كە مۆسكۆ لەگەڵ فەرمانڕەوا نوێیەكانی سووریا لە رێككەوتن نزیك بووەتەوە بۆ مانەوەی دوو بنكەكە لەو وڵاتە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئاگەداری رووسی و رۆژئاوایی، مۆسكۆ خەریكی گفتوگۆیە لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی رژێمی بەشار ئەسەدیان رووخاند، بۆ مانەوەی هەردوو بنكەی سەربازیی رووسیا لە حمەیمیم و تەرتووس، كە رووسیا بوونی دوو بنكەكە بە بەشێكی سەرەكی لە ستراتیجیەتی خۆی لە ناوچەكە دادەنێت.
بەپێی ئاژانسەكە وەزارەتی بەرگریی رووسیا پێی وایە لێكتێگەیشتنێكی نافەرمی لەگەڵ دەستەی تەحریری شام هەیە لەبارەی بەردەوامیی بوونی رووسیا لەو بنكە سەربازییانە، سەرەڕای بوونی ئەگەری گۆڕانی دۆخی تەناهی بەهۆی ناسەقامگیریی وڵاتەكەوە، میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژە دەكات، مۆسكۆ پێوەندیی بە تەحریری شامەوە كردووە و هیوای وایە دەستەكە پابەندی سەلامەتیی دیپلۆماتكاران بێت، جیا لەوە رووسیا هەوڵ دەدات بەهۆی بەردەوامیی شەڕی داعشەوە بنكە سەربازییەكانی لەو وڵاتە بمێننەوە.
ئەگەرچی بەرپرسانی نوێی دیمەشق هیچیان لەوبارەوە نەگەتووە، بەڵام راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن، بوونی بنكە سەربازییەكانی رووسیا دەبنە مایەی بەرپەرچدانەوەی ئەگەری سەهەڵدانەوەی توندڕۆكان لە سووریا، هاوكات رژێمی پێشووی سووریا لە 2017 گرێبەستێكی كرێی 49 ساڵی لەگەڵ رووسیا پێوەست بەو دوو بنكە سەربازییە واژوو كردووە.


وەڵام بدەوه