ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا (ئەنەكەسە) بەیاننامەیەكی لەبارەی دواپەرەسەندنەكانی دۆخی سەربازی و سیاسیی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاو كردووەتەوە و داوا دەكات پێكهاتەی دانیشتوانی كورد نەگۆڕدرێت و هاووڵاتییان بپارێزرێن.
ئەنجوومەنەكە ڕایگەیاندووە، هەر هەوڵێك بۆ گۆڕینی دیموگرافی و پێكهاتەی دانیشتوان لە شێوەی ڕاگواستن و ئاوارەكردن ڕەت دەكەینەوە و جەخت لەوە دەكەینەوە پێویستە دانیشتوانی كورد لە ناوچەكانیان بمێننەوە و مافەكانیان پارێزراو بێت" لەم ڕووەوەش داوا لە گەلی كورد لە ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان دەكات لە ماڵ و حاڵی خۆیاندا بمێننەوە.
داواش لە هێزە چەكدارەكان دەكات، هاووڵاتییانی مەدەنی بەئامانج نەگرن و ڕێزی خۆیان و ماڵ و سامانیان بگرن، هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی عەفرین كە لە 2018ەوە ئاوارەی ناوچەی شەهبا بوون، بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.
باسی لەوەش كردووە، ڕژێمی سووریا بەرپرسیارەتیی یەكەمی بەردەوامیی ئەو كارەسات و نەهامەتییانە هەڵدەگرێت كە لە سووریادا لە ئەنجامی ڕەتكردنەوەی بڕیارە نێودەوڵەتییەكان و پەنابردن بۆ چارەسەری سیاسیی دروست هاتوونەتە كایەوە. ئەزموونی 12 ساڵی شەڕ لە سووریا، سەلماندوویەتی بژاردە سەربازییەكان ئاشتی و سەقامگیری بەدی ناهێنن، بەڵكوو كێشەی خەڵك زیاتر دەكات. بۆیەش چارەسەر تەنیا جێبەجێكردنی بڕیاری نێونەتەوەیی 2254 ــە بۆ قەیرانی سووریا.
ئەم هەڵوێستەی ئەنەكەسە دوای ئەوە دێت، كە بەشێك لە هێزە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و دەستەی تەحریر شام، ناوچەی ئیدلیب و حەلەبیان لە دەستی ڕژێمی سووریا دەرهێناوە و مەترسیی هێرش و ڕاوەدوونان و ڕاگواستن كەوتووەتە سەر ناوچە كوردییەكان.
وەڵام بدەوه