سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە، 12ی 10ی 2024، ڕایگەیاندووە: چەكدارانی حزبوڵا، لە باشووری لوبنانەوە، لە ڕۆژی لێبوردندا (ڕۆژێكی پیرۆزی یەهوودییەكانە)، 320 مووشەكیان ئاراستەی ئیسرائیل كردووە.
لەلایەكی دیكەوە، حزبوڵا ڕایگەیاندووە: چەندین پێگەی ئیسرائیلی بۆردومان كردووە، كە دیارترینیان بنكەی حۆما لە جۆلان و باشووری شاری حەیفای ئیسرائیلە.
ئەوەشی ڕاگەیاندووە: شەڕكەرەكانیان بنكەی سەربازیی زۆفلۆنی پیشەسازیی سەربازییان بۆردومان كردووە، وەكوو خۆشیان دەڵێن: "ئامانجەكانی بە وردی پێكاوە."
ئەمە لە كاتێكدایە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، كۆتایی ئەم هەفتەیە 280 هێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر لوبنان و غەزە بۆ سەر هەردوو ڕێكخراوی حزبوڵا و حەماس.
ناوەندی ئۆپەراسیۆنە لەناكاوەكانی تەندروستیی گشتیی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاندووە، لە دوێنێ هەینییەوە، 26 كەس كوژراون و 144 كەسی دیكە لە لوبنان بریندار بوون. بەوەش كۆی ژمارەی كوژراوان بۆ 2 هەزار و 255 كەس بەرز بووەتەوە و 10 هەزار و 524 كەس بریندارن.
وەڵام بدەوه