گرووپە چەكدارەكانی عێراق كە سەربە ئێرانن و خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق دەناسێنن، لە ماوەی چەند سەعاتێكدا، سێیەمین هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، هێرشەكان لە نیوەشەوی رابردووەوە تا بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ بەردەوام بوون.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 28ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، لەڕێ درۆنەوە بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ سێیەمین هێرشیان كردووەتە پێگەیەكی ئیسرائیل لە ناوچەكانی جۆلان.
مقاوەمە زیاتر دەڵێ، نیوەشەوی دوێنێ بەهەمانشێوە و لەڕێی درۆنەوە، هێرشیان كردووەتە سەر دوو پێگەی سەربازیی ئیسرائیل، هێرشیان بۆ سەر باكور و ئەوی تریشیان بۆ باشوور بووە، لەو هێرشانەدا وەك مقاوەمە دەڵێ، تەواوی ئامانجەكانی خۆیان پێكاوە.
مقاوەمە ئەوەیش گوت، ئەو هێرشانەیان كە پێكە سەربازییەكانی ئیسرائیل دەكەنە ئامانج، پاڵپشتیكردنە لە خەڵكی غەزە و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و هەروەها حزبوڵای لبنان، لەو جەنگەی ئیسرائیل بەرپای كردووە، لەو جەنگەدا ژن و منداڵ و پیری غەزە و لبنانیان كردووەتە ئامانجی هێرشەكان.
لە دووشەمی رابردووەو كە دەكاتە لە 25ی ئەم مانگەوە، ئیسرائیل هێرشی زۆر توندی كردووەتە سەر لبنان و تا ئێستەیش بەردەوامە. ئەو هێرشانە بووەتە هۆی كوژرانی زیاتر لە 600 كەس و برینداربوونی دوو هەزار و 500 كەسی تر، جیا لە ئاوارەبوونی دەیان هەزار خێزانی لبنانی بەتایبەتی لە باشووری وڵاتەكە.
حزبوڵای لبنان كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، لەوەتەی جەنگی غەزە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێ كردووە، وەك پاڵپشتی بۆ غەزە و دانیشتووانی، رۆژانە لە سنوورەكانی خۆی هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل، ئیسرائیلیش وەڵامی دەداتەوە و بەردەوامیش هێرشی دەكاتەسەر، بۆیە توانیویەتی ژمارەیەكی زۆری چەكدارەكانی حزبوڵا و سەركردەكانی بكوژێت.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكاستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی زیاتر لە 42 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 90 هەزار كەسیش بریندار بوون.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.


وەڵام بدەوه