KurdistanPress...

CLOSE

رووداوەکەت ئەمڕۆی لبنان چۆن رووی دا؟

 

ئەمڕۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی هەزاران ئامێری بێتەل "پەیجەر" كە لەلایەن ئەندامانی حزبوڵاوە بەكار دەهێنران، هەزاران ئەندامی ئەم رێكخراوە بریندار بوون و گیان لە دەستدانیش بەهۆی رووداوەكە تۆمار كراوە، بەڵام ئایە "پەیجەر" چییە و چۆن ئەم هەموو ئامێرە بەیەكەوە تەقینەوە؟ 

جۆزێف نەسار، شارەزای ستراتیجی و سەربازی، بە كەناڵی سكای نیوزی راگەیاندووە: ئەوەی رووی داوە، دزەكردنی ڤایرۆسێك بووە بۆ پرۆگرامی ئامێرەكانی بێتەل (pagers)، ڤایرۆسەكە وادەكات ئەو پرۆگرامە بەشێوەیەكی بەهێز كار بكات، كە ئەوەش دەبێتە هۆی تەقینەوەی پاترییەكەی.

ئامێری بێتەل ئامێرێكی ئەلیكترۆنیی بچووكە كە پەیام و نامەی نووسین و ئاگەدار كردنەوەی پێ دەگات، ئەم ئامێرە پێش هاتنی مۆبایل زۆر باو بوو، بە تایبەت لە نێوان پزیشكەكان و كارمەندانی سێكتەری تەندروستی، یا گەورەبەرپرسانی كۆمپانیا گەورەكان، چونكە ئەم ئامێرە ئاگەداركردنەوە و پەیامی نووسین زۆر بەخێرایی لە رێگەی شەپۆڵی رادیۆییەوە دەنێرێت. 

مێژووی "پەیجەر"

سەرەتای دەركەوتنی ئەم ئامێرە بۆ 40ـەکانى سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، لە ساڵانی 1980 و 1990ـەکانى سەدەی رابردوو بەكارهێنانی زۆر بەربڵاو بوو، ئامێرەكە وا دروست كراوە كە كورتەنامە لە رێگەی شەپۆلەكانی رادیۆ یا سیستمی بێتەلەوە وەربگرێت و بینێرێت. 

لە سەرەتادا كاری "پەیجەر لەوە كورت كرابووەوە كە بەكارهێنەرەكەی لە رێگەی كورتەنامەیەكەوە ئاگەدار دەكرایەوە و دەبوو پێوەندی بە ژمارە تەلەفۆنێكەوە بكات بۆ وەرگرتنی نامەكە، دواتر وای لێهات ئامێرەكە پەرەی پێدرا و راستەوخۆ بێ پێوەندیكردن بە ژمارەی تەلەفۆنەوە راستەوخۆ كورتەنامەی پیشان دەدا.

ئەم ئامێرە پێشتر لە نێوان پزیشكان و كارمەندانی تەندروستییەوە بەكارهێنانی باو بوو بە تایبەت لە كاتی فریاگوزاری و خێرایی پێویستدا ئەوان زوو بە پەیام یەكتریان ئاگەدار دەكردەوە لەوەی كە حالەتێكی پەلەی لەناكاوی فریاگوزاریی تەندروستی هەیە، پێشتریش هاوئاهەنگییان لەسەر ئەوە كردبوو لە كاتی گەیشتنی كۆد یا پەیام پێویستە كە چی بكەن، ئاخۆ بگەن بە هۆڵی نەشتەرگەری یا فریاكەوتن یا پێوەندیی تەلەفۆنی بكەن بە شوێنێكی دیاریكراو. 

لە بواری سەربازیشدا بەكارهێنانی زۆر باو بووە، بەهۆی ئەوەی ئاسان پەیامەكان دەنێرێت و پێویستی بە تۆڕی پێوەندیكردن نییە و لەسەر شەپۆلەكانی رادیۆ كار دەكات و لە هەموو ناوەندێكدا پەیامەكان دەگەیەنێت. 

ئامێرەكە چۆن كار دەكات؟

ئەم ئامێرە پشتی بەستووە بە ئاماژەی سیگناڵەكانی بێتەل "لاسلكی" و شەپۆلە رادیۆییەكان كە لە وێستگەكانی ناردنەوە پەخش دەكرێن، دەتوانێت كورتەنامە و كۆد وەربگرێت كە ئاماژەن بۆ پێویستیی پێوەندیكردن بە كەسێكی دیاریكراو، میكانیزمەكەی یەكجار سادەیە و بەمشێوەیەیە كە لایەنێك یا كەسێك لە رێگەی وێستگەی كۆنترۆڵی بێتەلەکانەوە پەیامێكی نووسین یا كۆدێك دەنێرێت بۆ ئەو كەسەی كە مەبەستیەتی پێی بگات، لەوكاتەدا بێتەلەکە دەنگێكی لێوە دەردەچێت یا دەلەرێتەوە "هەزە" و بەكارهێنەرەكەی ئاگەدار دەكاتەوە لە گەیشتنی كۆدێكی نهێنی یا كورتە نامە. 

بۆچی رێكخراوە نهێنی و سەربازییەكان پشت بەم ئامێرە دەبەستن؟ 

یەكەم: پشت بە تەكنەلۆجیایەكی سادە دەبەستێت و بەم هۆیەیشەوە هاككردنی قورس دەبێت، چونكە پێویستی بە ئینتەرنێت نییە، ئەمەیش وای كردووە دەزگا نهێنییەكان و سەربازییەكان زیاتر لە مۆبایل پشتی پێ ببەستن. 

دووەم: سەربەخۆیی ئامێرەكە بۆ پێوەندیكردن هۆكارێكی ترە كە وای كردووە دەزگا سەربازی و هەواڵگری و رێكخراوە نهێنییەكان پشتی پێ ببەستن، چونكە ئەم ئامێرە بچووكە پێویستی بە تۆڕەكانی پێوەندیكردن و تاوەر نییە و بە شەپۆلی رادیۆیی كار دەكات لە هەموو شوێنێك، كە ئەمەیش زۆر جار سوودی دەبێت لەوەی ئەگەر لە شوێنێكی سەختی جوگرافیدا تۆڕەكانی پێوەندیكردنی مۆبایل بەردەستیش نەبن، ئەم ئامێرە هاوكار بێت بۆ مانەوەی پێوەندی و گەیاندنی پەیامی پێویست. 

سێیەم: سوپا و كۆمەڵە چەكدارەكان لە كاتی جەنگ و شەڕەكاندا پێویستیان بە پێوەندیی درێژی دەنگی نییە و زۆربەی جار بۆ وەرگرتنی رێنوێنی و فەرمان، تەنیا پێویستیان بەوەیە كە پەیامێكی نووسراو یان كۆدێكیان پێ بگات تا پێوەی پابەند بن. 

چۆن توانرا ئەم ئامێرە هاك بكرێت؟ 

هەرچەندە بێتەل، پشت بە تەكنەلۆجیایەكی زۆر سادە دەبەستێت و هاككردنی قوڕسە، بەڵام ئەستەمیش نییە، دەزگا گەورە هەواڵگرییەكان دەتوانن هاكی بكەن لە رێگای تەشویش خستنە سەر فریكوێنسییە تایبەتەكەی كە گرووپێك بەكاری دەهێنن بۆ پێوەندیكردن و پەیام گۆڕینەوە لەناو یەكتردا. 

بەهۆی ئەوەی ئەم ئامێرە پێویستیی بە ناوەندێك و وێستگەیەكی یەكگرتوو هەیە كە پەیامەكان لەوێوە ئاڕاستەی ئامێرەكانی تر بكرێت، دەكرێ بە هاككردنی وێستگە ناوەندییەكە تەواوی ئامێرەكانی كە بە وێستگەكە بەستراونەتەوە هاك بكرێت. 

گرووپەكانی سایبەر دەتوانن هێرش بكەنە سەر ئەو سیستمە كۆمپیوتەرییەی كە وێستگەی بێتەلەکانى رێكخستووە و لە رێگەی كۆمپیوتەرەكەوە ئەو پەیام و كورتەنامانە بگەیەنن كە خۆیان دەیانەوێت.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه