ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی ئابی 2024، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی "ئەنادۆڵۆ"ی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی خەبەر تورکدا، وەزیری بەرگری "گولەر" هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتە هەنووكەییەكان كرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەى ئەوەى ئایا ئاماژە بەدی دەکرێت لە دوورکەوتنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ناوەندەکەی لە سلێمانییە لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی یان نا، گولەر ڕای گەیاند، "بەپێی زانیارییەکانی بەردەستمان، بەداخەوە یەکێتی بەردەوامە لە پەرەپێدانی پێوەندییەكانی لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستیدا. حکوومەتی عێراقیش لەمە نیگەرانە. سەرەڕای ئەوەی دەیانجار سەرکۆمار و وەزیری دەرەوەمان و من باسمان لەم بابەتە کردووە، بەڵام کەسی پەیوەندار لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامە لە چالاکییەکانی لەم بابەتەدا".
لەبارەی قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان سلێمانی و توركیاشەوە وەزیری بەرگریی توركیا بۆ خەبەر تورك گوتی، تورکیا تێپەڕبوونی ئەو فڕۆکانەیان بە ئاسمانی وڵاتەکەیاندا قەدەغەکردووە کە لە سلێمانییەوە دەست بە فڕین دەکەن. ئاماژەی دا، تورکیا لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا لە پێوەندییەكی هێندە نزیک دایە و هەوڵ دەدات وڵاتەکە لە ڕێکخراوی تیرۆریستی ڕزگار بکات، جێگەی قبووڵ نییە گرووپێکی تر "مەبەستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە" زیاتر لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی نزیک ببێتەوە. عێراقیش بە هێندەی ئێمە گیرۆدەی ئەم کەسانەیە. ئومێدەوارین کەسی پێوەنداری ئەوێ ساتێک زووتر پێوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی بپچڕێنێت، پێموایە ئەوە باشترین کارە بکرێت بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە دۆست لەگەڵ وڵاتەکەی خۆیدا".
وەڵام بدەوه