میدیاكانی ئیسرائیل رایان گەیاند، بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ ناوچەی "میرۆن"ی باكوری ئیسرائیل، لەلایەن حزبوڵای لبنانەوە مووشەكباران كرا. حزبوڵا دەڵێ ئامانجەكانمان پێكاوە و ئیسرائیلیش دەڵێ، رووبەڕووی مووشەكەكان بووینەتەوە و هێرشەكەمان پووچەڵ كردووەتەوە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، رۆژنامەی "یسرائیل هیوم" ئاماژەی داوە كە بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ لەلایەن حزبوڵای لبنانەوە، 30 مووشەكی "كاتیۆشا" ئاراستەی باكوری ئیسرائیل كراوە كە ناوچەكانی جەلیل و میرۆنی گرتووەتەوە.
لەلایەكی تریشەوە باس لەوە دەكرێ كە بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل، بەشی زۆری ئەو مووشەكانەی هەر لە ئاسمانەوە تەقاندووەتەوە و هەندێكی تریشیان كەوتوونەتە چەند ناوچەیەكی كشتوكاڵی، بۆیە زیانیان نەبووە.
هاوكات سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ، حزبوڵا 25 مووشەكی كاتیۆشیای ئاراستەی ناوچەی میرۆنی باكوری ئیسرائیل كردووە، بەڵام بەشی زۆریان تەقێنراونەتەوە و چەند مووشەكێكیش لە ناوچەیەكی چۆڵەوانی كەوتوونە و زیانیان نەبووە.
حزبوڵای لبنانیش رای گەیاندووە، بنكەی "جەبەل نیریا"یان داوەتە بەر مووشەك و بەوەش زیانی زۆریان لە ئیسرائیل داوە، ئەویش وەڵامدانەوەیە بۆ ئەو دەستدرێژییەی ئیسرائیل كردیە سەر شارۆچكەی "برعشیت"ی باشووری لبنان.
وەڵام بدەوه