پێدەچێت ساتی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل بەهۆی كوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران نزیك بووبێتەوە، دوێنێ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێشبینیی كرد وەڵامدانەوەی ئێران و حزبوڵای لبنانی بۆ ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەم دەست پێ بكات، وەك ئاماژەیەكیش بۆ ئەگەری زۆر نزیكبوونەوەی وەڵامدانەوەی ئێران، تاران داوای لە فڕۆكەوانان كرد ئاسمانی وڵاتەكە بەكار نەهێنن.
وەك رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی دەڵێت، تاران ئاگەداركردنەوەیەكی بۆ فڕۆكەوانان و دەسەڵاتی فڕۆكەوانی بڵاو كردەوە بۆ دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی ئاسمانەكەی، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڕەشەكانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بەهۆی كوژرانی هەنییە.
لەماوەی رابردوو ژمارەیەك كۆمپانیای فڕۆكەوانی راگرتنی گەشتەكانیان بۆ هەریەك لە ئێران و ئیسرائیل و لبنان بەهۆی ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە و بۆردمان و هەڵگیرسانی شەڕ وەستاند.
ئاگەداركردنەوەی ئێران بۆ فڕۆكەوانان بۆ دووركەوتنەوە لە ئاسمانی وڵاتەكە دوای ئەوە دێت كە دوێنێ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە تەلەفۆن بە هاوتاكانی لە كۆمەڵەی حەوت راگەیاند كە تاران لە ماوەی 24 بۆ 48 سعاتی داهاتوو هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل.
ئەمەوە هەریەك لە ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا و سوید و كەنەدا و توركیا و ژاپۆن و سعوودیە و ئوردن داوایان لە هاووڵاتییانیان كردووە بەپەلە لبنان جیبێڵن، ئەوەش لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەو وڵاتە و هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان حزبوڵا و ئیسرائیل.
وەڵام بدەوه