دوێنێ و ئەمڕۆ كۆنگرەی شانگری لە سەنگاپوور بەڕێوە چوو، دوای ئەوەی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئاسایشی ئەمەریكا لە ئاسایشی ئاسیا و زەریاكانی هیندی و هێمندایە، وەزیری بەرگریی چین دووپاتی كردەوە كە خەریكە ئەگەری یەكخستنەوەی ئاشتییانەی چین و تایوان لاواز دەبێت، وەك ئاماژەیەك بۆ نەمانی ئارامیی پەكین و بیركردنەوەی لە بژارەی سەربازی.
دۆنگ جۆن، وەزیری بەرگریی چین لە لێدوانێكی لە سەنگاپوور گوتی، بەهۆی جیاخوازانی تایوانی و هێزە دەرەكییەكان، خەریكە ئەگەری یەكخستنەوەی ئاشتییانەی چین و تایوان لەناو دەچێت، ئەو بەڵێنی دا كە هەرگیز تایوان سەربەخۆ نەبێت، دووپاتی كردەوە كە حزبی پێشكەوتنخوازی فەرمانڕەوا لە تایوان بە هەنگاو هەوڵی جیابوونەوە و سڕینەوەی ناسنامەی چینیی تایوان دەدات.
روونی كردەوە، لە ماوەی دوایی ئەو جیاخوازانە لێدوانی دەمارگیریان دا و پێشانیان دا كە بەرانبەر بە نەتەوەی چینی و باوباپیرانیان ناپاكن، ئەو قسانەیان وەك شەرمەزاری لە مێژوو تۆمار دەكرێت، ئەگەرچی چین بە هەوڵی یەكخستنەوەی ئاشتییانەی لەگەڵ تایوان بەردەوامە، بەڵام بەهۆی ئەو جیاخواز و هێزە بیانییەكان، خەریكە ئەو ئەگەرە دادەخورێت، بۆیە رێوشوێنی توند بۆ رێگرتن لە سەربەخۆیی تایوان و دڵنیابوونەوە لە سەرنەكەوتنی پلانەكان بۆ ئەو مەبەستە دەگرینە بەر.
لەوكاتەی حكوومەتی تایوان پێی وایە كە تایبێ دەوڵەتێكی سەربەخۆیە، ئەمەریكا بۆ دەمارگرتنی چین بە هەموو جۆرێك ناراستەوخۆ پاڵپشتیی تایوان و راستەوخۆی وڵاتانی ناوچەكە لە دژی چین دەكات، لەوانەش ئەنجامدانی مانۆری هاوبەشی سەربازی و سازكردنی رێككەوتننامەی هاوبەشی بەرگری، وەك لەگەڵ فیلیپین واژووی كردووە.
دوێنێ شەموو لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەمەریكا سەقامگیر نابێت تا ئاسیا سەقامگیر نەبێت، دووپاتی لەوە كردەوە كە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن بۆ واشنتن وەك گرنگییەكی لەپێشینە دەمێنێتەوە، ناكرێ ئەمەریكا لە ئارامیدا بژیت تا ناوچەی ئاسیا ئارام نەبێت، بۆیەش ئەمەریكا ماوەیەكی دوورودرێژە بوونی خۆی لەو ناوچەی پاراستووە.
روونی كردەوە، سەرەڕای بوونی ململانێكان لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەكانی هەردوو زەریای هیندی و هێمن وەك گۆڕەپانێك بۆ ئۆپراسیۆنەكان و وەك گرنگییەكی لەپێشینە بۆ ئێمە دەمێننەوە، ئێستە قۆناغێكی نوێی ئاسایش لە ناوچەی هەردوو زەریا دروست بووە، بەپێی پەیماننامەیەكی بەرگریی هاوبەش ئەمەریكا پابەندە بە بەرگریكردن لە فلیپین.
لە وەڵامی ئۆستن، جینگ جیانفینگ، بەرپرسێكی سەربازیی چین واشنتنی بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی كۆپییەكی هاوشێوەی هاوپەیمانی ناتۆ لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن بۆ پاراستنی باڵادەستیی لە ناوچەكە تۆمەتبار كرد، بۆیە ئەمەریكای بە بە بەربەست لەبەردەم ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكە لەقەڵەم دا.
بەم دواییە شرۆڤەیەكی سەربازیی ئەمەریكی ئاماژەی كرد، سەرۆكی چین تاوتوێی كاریگەریی سزاكانی سەر رووسیا دەكات، كە بەهۆی شەڕی ئۆكراینا لەلایەن ئەمەریكا و رۆژئاوا خرایە سەر مۆسكۆ، بۆیە ئەو وڵاتە دەستی بە وەرگرتنی رێوشوێنی درێژخایەنی خۆپارێزی بۆ سزای هاوشێوە لە حاڵەتی هێرشكردنە سەر تایوان كردووە، بۆ دوورخستنەوەی ئابوورییەكەی لە كاریگەرییەكانی هەر سزایەك، ئەوە لەوكاتەی بەرپرسانی ئەمەریكا وای بۆ دەچن كە سەرۆكی چین داوای لە هێزە چەكدارەكانی كردووە خۆیان بۆ داگیركردنی تایوان لە 2027 ئامادە بكەن، ئەگەرچی تا ئێستە واشنتن لەبارەی رژدیی ئەو زانیارییانە هیچی نەگوتووە.
چین توانای سەربازیی و ئابووری و لۆجیستی تەواوی هەیە بۆ هێرشكردنە سەر تایوان و گرتنی لە ماوەیەكی كورتدا، ئەوەش لەسەر بنەمای بەراوردكردنی توانای سەربازیی هەردوو وڵات، بەڵام تا ئێستە پەكین ددانی بەخۆیدا گرتووە و نایەوێ بكەوێتە داوی ئەمەریكا و هەمان هەنگاوەكەی رووسیا لە ئۆكراینا دووبارە بكاتەوە، ئەگەرچی ئاماژەكان بەرەو ئەوەن كە چین خۆی بۆ رووداوێكی گەورە ساز داوە، رەنگە هێرشكردنی بۆ سەر تایوان و یەكخستنەوەی لەگەڵ خاكی چین بژارەیەكی زۆر گریمانكراو بێت، بەڵام شارەزایان پێیان وایە رەنگە ئامانجەكانی چین و نیازی بەرانبەر بە ئەمەریكا و لابردنی لە پێشەنگیی لە هەموو بوارەكان، زۆر لەو تایوان زیاتر بێت.
شارەزایان باسی ئەوە دەكەن كە چین جیا لەوەی هەوڵ دەدات لە رووی ئابوورییەوە لە زۆر ناوچەی دنیا شوێنی ئەمەریكا بگرێتەوە و كۆمپانیاكانی دزە بكەنە تەواوی ناوچە گرنگەكان، لەوانە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو، بەڵام هاوكات هەوڵێكی هەیە بۆ وەشاندنی گورزێكی گەورە لە باڵادەستیی دۆلاری ئەمەریكی بەسەر بازاڕی نەوت و بۆرسەكانی دنیا و بازاڕی دەستەوارە و گرێبەست و مامەڵە داراییەكان، ئەو دەیەوێ وا لە وڵاتانی بكات كە مامەڵەكردن بە دۆلار سنووردار بكەن، كە رەنگە ئەوەش هێڵی سووری ئەمەریكا بێت و واشنتن بە هەموو شێوەیەك هەوڵی برینداركردنی چین بدات، بە شێوەیەك بە هاوشێوەی رووسیا بە شەڕ یان بە هەر شێوەیەكی تر ئابوورییەكەی لاواز بكا و لە ركابەری خۆی پەكی بخات
وەڵام بدەوه