رۆژنامەی ئیسرا*ئیلیی''یەدیعوت ئاحارونوت'' بڵاوی کردەوە لە دەرەنجامی چالاکییە دەریاییە ناسەربازییەکان لە کەرتی غەزە سێ سەربازی ئەمەریکی بریندار بوون.
بەرپرسێکی ئەمەریکی هەواڵەکەی بەو رۆژنامەیە داوە و روونی کردەوە کە سەربازەکان لە میانەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەندەرێک لە کەرتی غەزە بریندار بوون.
یەکێک لەو سەربازانە لاقی سووڕاوە و یەکێکی تریش زیان بە کەمەری گەیشتووە و لەگەڵ سەربازێکی تر بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە تا چارەسەر بکرێن.
ئامانجی ئەمەریکا ئەوەیە بەندەرێک دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی لە رێی ئەو بەندەرەوە یارمەتییە مرۆییەکانی بە خەڵکی غەزە بگەیەنێت. هەفتەی رابردوو کۆتایی بە پڕۆژەکە هاتووە و سەربازان خەریکی رێکخستنی کاروباری بەندەرەکەن.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا پێداگری لەوە کردووە کە هەر چۆنێک بێ پێویستە یارمەتیی مرۆیی بە خەڵکی غەزە بگات.
بەگوێرەی ''عەرەبیە'' بەندەرەکە لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردوو دەست بە جێبەجێکردنی کرا و 320 ملیۆن دۆلاری لێ خەرج کراوە.
پێشتر بەشێک لە یارمەتییە مرۆییەکان لە دەروازەی رەفەح و بەشێکی تریش لە ئاسمانەوە بە پەڕەشووت دەگەیەنرایە خەڵکی غەزە.
دۆخێکی زۆر ناخۆشی مرۆیی بەسەر غەزەدا زاڵە و جەنگەکەش کە لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستی پێ کردووە دیار نییە کەی کۆتایی دێت.
وەڵام بدەوه