سەرچاوەیەکی ئێرانیی ئاستبەرز لە سوپای پاسداران رایگەیاند کە ئەمریکا دوای هێرشەکەی ئوردن، لێکتێگەیشتنەکانی سەرەبات بە خۆبەدووگرتن لە بەرزکردنەوەی ئاستی گرژییەکان کە لە ئەنجامی زنجیرەیەک دانوستان بە یارمهتیی بەغدا پێگەیشتوون، پێشێل کردووە.
ئەو سەرچاوەیە بە ڕۆژنامەی (الجریدة)ی كوێتی راگەیاندووە، لێكتێگەیشتنەكە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا پێشتر ئەو ناوچە و پێگانە بە ئێران رادەگەیەنێت کە بۆردومانیان دەکات و لیستێک لەمبارەیەوە راستی تاران کراوە، بەڵام بەشێك لەو پێگانەی کە شەوی هەینی لەسەر شەممە بۆردومان کران، لەناو لیستەکەدا نەبوون.
لەلایەن خۆیەوە نووسینگەی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە هیچ شتێکی نییە روونی بکاتەوە لەسەر ئەم بابەتە.
سەرچاوە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوە داوە، زۆربەی ئەو پێگانەی کە بۆردومان کران، کۆگای چەکی مامناوەند بوون و زیانگەیاندن پێیان کاریگەری لەسەر تواناکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران نابێت. لە بەرامبەردا فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند کە بۆردومانەکان سەنتەری کۆنترۆڵکردن، سەرکردایەتی و کۆگاکانی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کردووەتە ئامانج.
بەپێی راپۆرتی هەمان ڕۆژنامە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوزیرانی عێراق پێش بۆردومانەكە، پێشنیازێکی پێشکەش بە ئەمریكا كردووە بەوەی کە گورزەکانی ئەمریکا، عێراق نەگرێتەوە، ئەگەر هاتوو میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە وڵاتەکەی بڕیاریان دا هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا رابگرن، بەڵام ئەمریکییەکان پێشنیازەکەی سوودانی-یان پشتگوێ خستووە.
هەمان ڕۆژنامە ئەوەشی دركاندووە كە لەو لیستەی ئەمریكا بە ئێرانی داوە، دوو پێگە هەبوون كە لەنێو ئێران بوون و ئەمریكا بە نیاز بووە بۆردومانیان بكات، یەکێکیان لە ئاوەکانی کەنداو و دووەمیان لە پارێزگای سیستان و بەلۆچستان و هۆرموزگان لەسەر دەریای عومان، بەڵام ئێران ئەوەی رەتكردۆتەوە.
وەڵام بدەوه