سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کفریی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەیان چەند بڕیارێکی گرنگ دەردەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 18/7/2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا بڕیارەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستانی بۆ خەڵکی کفریی ئاشکراکرد و رایگەیاند کە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بڕی 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی 16 قوتابخانەی کفری دابینکراوە، لەگەڵ دابینکردنی سێ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی تەندروستی کە هەر ئەمڕۆ لە شاری هەولێر کڕدراوە و رەوانەی کفری دەکرێت.
گوتەبێژی حکوومەت ئەوەشی خستە روو: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە کفری، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەرکردووە بۆ لێدانی پێنج بیری ئاو کە تێچووەکەی دەکاتە بڕی 80 ملیۆن دینار بۆ هەر بیرێک.
ئاماژەشی بەوەدا کە مەسرور بارزانی بڕیاریداوە بۆ دروستکردنی چەند کارگەیەکی گەورەی وەبەرهێنان بە تایبەتی کارگەی دروستکردنی گەچ لە کفری، هەروەها خەرجکردنی بڕی 296 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەیەکی وەرزشی لەگەڵ پێداویستی و کەلوپەلی وەرزشی بۆ 24 تیپی وەرزشی کفری دابیندەکرێت.
پێشەوا هەورامانی روونیشیکردەوە کە بودجەی ئەو بڕیارانەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داویەتی بۆ خەڵکی کفری بە کاش ئامادەیە و راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ماوەی چەند رۆژێکە لە کفری بەشێک لە هاووڵاتییان لە هەموو چین و توێژە جیاوازەکانیدا دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاریی و پشتگوێخستنی شارەکەیان لەسەر شەقامی کۆنی کفری خێمەیان هەڵداوە و مانگرتنی خۆیان راگەیاندووە.
وەڵام بدەوه