دەزگاى هەواڵگریى نیشتیمانیى عێراق رایگەیاند؛ دادوەرى پێشووى شەرعی رێکخراوى داعش لە ویلایەتى دیجلە لە پارێزگاى سلێمانى دەستگیرکراوە، کە ساڵى 2017 هەڵاتووە بۆ سووریا و ئەمساڵ دزەى کردووەتەوە بۆ نێو خاکی عێراق.
لە راگەیێندراوێکدا دەزگاى هەواڵگریى نیشتمانیى عێراق رایگەیاند، ئەو بەرپرسەى رێکخراوى داعش ناوى عیکاب حەمەد نەجرس دەلی-یە و بە "ئەبو جەمال" ناسراوە، پێشتر دادوەرى شەرعی رێکخراوى داعش بووە لە ویلایەتى دیجلە، هەروەها بەرپرسی ناوچەکانى شاخى مەخموور و شەرگات و جەزیرە حەزە بووە لە سنوورى پارێزگاى سەڵاحەدین.
دەزگاى هەواڵگریى نیشتیمانیى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، ئەو داواکراوە بە هاوکارى دەزگاى دژە تیرۆر لە پارێزگاى سلێمانى دەستگیرکراوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەزگای هەواڵگریى نیشتیمانیى عێراق، ئەبو جەمال ئەو کاتەی دادوەری شەرعیی داعش بووە، چەندین فەتواى لەدژى هێزە ئەمنییەکان دەرکردووە، دواتر لەساڵى 2017 هەڵاتووە بۆ سووریا و لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش بووە لەو وڵاتە. ئەمساڵیش بە فەرمانى بەرپرسانى ئەو رێکخراوە گەڕاوەتەوە عێراق.
وەڵام بدەوه