ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی 07ـی 2023 لە ناحییەی سەرسنکێ لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و ژمارەیەک چەکدار ڕووی دا.
بەپێی زانیارییەکان، شەڕەکە لەنێوان ئەو باندەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە و ڕایانکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناحییەی سەرسنکێ ئەو تۆمەتبارانە بینراون و دوای ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش 2 لەو تۆمەتبارانە دەستگیر کراون.
هەروەها پۆلیسی دهۆکیش لەمبارەیەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاند: دوای بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک تۆمەتباری لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە بەهۆی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، ڕاستەوخۆ تۆمەتباری سەرەکیی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی زاخۆ دەستگیر کرا.
دوو تۆمەتباری دیکە کە لەدەست یاسا ڕایانکرد، دوای سێ ڕۆژ، ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەنتەری ناحییەی سەرسنکێ دوای ڕووبەڕووبوونەوەیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی دهۆک دەستگیر کران.
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو 09ـی 07ـی 2023 لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند: دوای بڕیاری دەستگیرکردن لەلایەن دادگەوە بۆ ژمارەیەک تۆمەتبار بەهۆی بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای دهۆک و زاخۆ، لە ئۆپەراسیۆنێکدا ئاسایشی زاخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی دهۆک توانرا تۆمەتباری سەرەکیی باندەکە دەستگیر بکرێت کە یەکێک لە گەورەبازرگانی ماددەهۆشبەرەکانە.
لە ڕاگەیەنراوەکە پۆلیسی دهۆک جەختی کردبووەوە کە بە هەوڵ و ماندووبوونی هێزەکانی ئاسایش لەنزیکترین کات ئەو تۆمەتبارانەی ڕایانکردووە دەستگیر دەکرێن.
وەڵام بدەوه