KurdistanPress...

CLOSE

راگەیێندراوێکی بەپەلە لە پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-07-2023، لە پیرمام کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعود بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەکەمی سەرۆکی حیزبەکە کۆبووەوە.
 
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر چەندین پرسی نێوخۆیی و هەرێمایەتی گفتوگۆی کردووە و دەڵێت، "سیاسەت و بەرنامەكانی ئەمریكا لە خورهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی بووەتە مایەی نیگەرانیی هاوپەیمانەكان. بەشێک لەم لێكەوتانە راستەوخۆ هەندێكیش ناڕاستەوخۆ كاریگەرییان لە سەر هەرێمی كوردستان هەیە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە پاشەکشەی هەندێک لایەنی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دەڵێت، "جێبەجێنەكردنی مادەكانی ئەو رێككەوتن و هاوپەیمانییەی كە حكومەتی لەسەر تەشكیلكراوە، جێی نیگەرانیی جیدیە و لێكەوتەی ئەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هاوپەیمانێتییەكە زیانی بۆ كۆی حوكمڕانی عێراق دەبێت."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێویستی دەزانێت رێز لە سەروەریی وڵاتانی دراوسێ بگیرێت و دەڵێت، "نابێ‌ لە هەرێمی کوردستانەوە هەڕەشە ئاراستەی ئەو وڵاتانە بكرێت و پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە بواری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لەبەرچاو بگیرێ‌ و بپارێزرێ‌."
 
پارتی پوختەی بڕیار و گفتوگۆی کۆبوونەوەکەی لە شەش خاڵدا چڕکردووەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
 
1. تەوەری یەكەم: بارودۆخی گشتیی نێودەوڵەتی: رووداوەكانی ئێستای جیهان بە شەڕ و بە هاوپەیمانی، گۆڕانی هاوكێشە سیاسی و سەربازییەکان و قەیرانەكان، لێكەوتەیان لەو رووانەوە بۆسەر تەواوی دەوڵەتان هەیە و، سیاسەت و بەرنامەكانی ئەمریكا لە خورهەڵاتی ناوەراست بە شێوەیەكی گشتی بووەتە مایەی نیگەرانیی هاوپەیمانەكان. بەشێک لەم لێكەوتانە راستەوخۆ هەندێكیش ناڕاستەوخۆ كاریگەرییان لە سەر هەرێمی كوردستان هەیە.
 
2. تەوەری دووەم: بارودۆخی هەرێمایەتی: پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ گفتوگۆی لە سەركرا و، بە پێویست زانرا رێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێ‌ و پاراستنی ئەمنیەتیان بە گرنگ دەزانرێ، نابێ‌ لە هەرێمەوە هەڕەشە ئاراستەی ئەو وڵاتانە بكرێت و پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە بواری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لەبەرچاو بگیرێ‌ و بپارێزرێ‌.
 
3. تەوەری سێیەم: بارودۆخی عێراق: بابەتی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت باس كرا بەتایبەتی ئەو پاشەكشێیەی بەرامبەر پێكهاتەكانی نێو هاوپەیمانێتییەكە هەستپێدەكرێ‌ و، جێبەجێنەكردنی مادەكانی ئەو رێككەوتن و هاوپەیمانییەی كە حكومەتی لە سەر تەشكیلكراوە جێی نیگەرانیی جدیە و لێكەوتەی ئەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکە زیانی بۆ كۆی حوكمڕانی عێراق دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەم پاشەكشێیه‌ی بەشێكی لایەنەكان كه‌ روویداوە، پشتگیریی سەرۆکوەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەكەین و هیوادارین بەسەر ئاستەنگ و رێگرییەكان سەركەوتووبێت لە جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكه‌ی كە رێككەوتنی لە سەركراوە.
 
4. تەوەری چوارەم: كۆبوونەوە پاڵپشتی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و هەنگاوەكانی بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕال بەرزنرخاند و هەروەها هەوڵەكانیان لە چارەسەری بابەتی بودجە و دابینكردنی مووچە و بژێویی ژیان و ئەمنیەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە پەسند زانی.
 
5. تەوەری پێنجەم: تەوەری بارودۆخی ناوخۆی هەرێم: هەڵبژاردن و هەڵوێستی پارتیمان سەبارەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو هەنگاوانەی كە تاوەكو ئێستا هاوێژراون لە سەرۆكایەتیی هەرێم و كۆبوونەوە لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، هەروەها هەنگاوەكانی پارتیمان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی هەرێم و رەخساندنی كەشوهەوایەكی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لە نێوان لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی و رێككەوتن لەسەر رێكارە یاساییەكان. لەو پێناوەدا بەردەوامدەبین لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ لایەنەكان و هەوڵدەدەین ئاستەنگ و كێشەكان چارەسه‌ربكەین و ئیدارەی بارودۆخەكە بدەین بەشێوەیەك جیاوازییەكان رێگرنەبن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسی دا.
 
6. تەوەری شەشەم: بارودۆخی ناوخۆی پارتیمان: بەڕوونی باس لە شێوازی كاركردنی ئۆرگانەكان و كاركردنی هەڤاڵانی بەرپرس و كادیرەكان لەم قۆناخەدا كرا، بەتایبەتی گرنگیدان و پابه‌ندی بە پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ، هەروەها بایەخدان بە بابەتی ئافرەت و گەنج و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەكان لە ئەولەویاتی كارەكان بێت. هه‌روه‌ها سەبارەت بەو پەلامار و هێرشانەی دەكرێتە سەر پارتی، دەبێ‌ هەوڵەكانمان لە ئاستی مێژوو و گەورەیی رێبازی بارزانی دابن و لە ئاستێك دابن كە ئاشتی كۆمەڵایەتی و پرنسیپەكانی راگەیاندن رەچاوبكرێت.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تەئكید لە پەیوەندیی ئەندامان و كادیرانمان لەگەڵ جەماوەر كرایەوە بۆ بەهێزكردنی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانی، هەروەها هاندانی هەڤاڵانمان بۆ بەره‌نگاربوونەوەی هەندێ‌ دیاردەی دزێو كە تێكدەری بارودۆخی كۆمەڵاتی و خێزانین وەكو مادده‌ی هۆشبەر. لە كۆتاییدا تەئكید لە پەیرەوكردنی رێنماییەكان كرایەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه