ئەمڕۆ 5ی 7ی 2023، تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاو كرایەوە و تێیدا دەركەوت ژمارەیەك كارمەندی پۆلیس بە دار لە گەنجێكی كوردی ئێزدی دەدەن لە ناحیەی گرعزێر.
لەم بارەیەوە مەحما خەلیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند؛ لەسەر ئەو ڕووداوە ئێمە بێدەنگ نابین و قابیلی قەبووڵكردن نییە، چونکە ئەگەر ئەم بابەتە هەر وا بە ئاسانی تێپەڕێت و هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکرێت، ئەوا بۆ ئاییندە مەترسی لەسەر هەر هاووڵاتییەکی ئێزدی دروست دەبێت، کە بیەوێ بچێتە مووسڵ.
ڕوونیشی كردەوە: ”ئێمە پەیوەندیمان بە نووسینگەی وەزیری ناوخۆی عێراق کرد، جەنابی وەزیر بەڵێنی لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە پێ داین، بەڵێنی سزادانی ئەو پۆلیسانەشی پێ داین کە لە گەنجە ئێزدییەکە دەدەن.“
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لەژێر فشاری ئەواندا كە داوای فەسڵكردنی پۆلیسەكانیان كردووە، وەزیری ناوخۆی عێراق بەڵێنی سزادانی پۆلیسەكانی داوە و دواتریش پەیوەندیی بە عەمید فەلاح محەمەد عەماش، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەواوە كردووە، ئەویش پێی ڕاگەیاندووە كە سەرجەم پۆلیسەكان و ئەفسەرێك لەسەر ئەم ڕووداوە دەستبەسەر كراون و ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
وەڵام بدەوه