وەزارەتی دارایی بڕیاری دا، ئەو كەسانە پاداشت بكات، كە زانیاری لەسەر ئەو باجدەرانە ئاشكرا دەكەن، كە سەرچاوەی داهاتیان لە دەسەڵاتی دارایی شاردووەتەوە. پاداشتەكەش بڕە پارەیەكی زۆرە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە رۆژی 7ی6ی2023 دەرچووە تایبەتە بە رێنوێنییەكی دارایی و تیایدا چەند بڕیارێك بۆ پاداشتكردنی هەندێك كەس دراوە.
ئاماژە بەوە كراوە: "ئەو كەسەی وەكوو هەواڵدەری نهێنی زانیاریی راست و دروست بەشێوەی نووسراو پێشكەش بە دەسەڵاتی دارایی دەكات، دەربارەی ئەو باجدەرانەی زانیاری و راستییەكانیان دەربارەی داهاتیان لە دەسەڵاتی دارایی شاردووەتەوە و بووەتە هۆی كەمبوونەوەی باجەكەیان و هەواڵدەریش پاداشتی نەختینە دەكرێت.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە داهاتی ئەو باجەی، كە ئەو كەسە ئاشكرای كردووە، 100% دەبێتـە داهات بۆ گەنجینەی گشتی و تیایدا 15%ی داهاتەكە بۆ هەواڵدەری نهێنی خەرج دەكرێت
وەزارەتی دارایی جەختی كردووەتەوە، كە خەرجكردنی 15%ی داهاتەكە بۆ ئەو كەسەی ئاشكرای كردووە، لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان دەبێت و پاداشتەكەش بەپێی پسوولەیەك بەناوی لێژنەیەكەوە دەبێت و دەبێت بەڕێوەبەری گشتیی باج و دوو ئەندامی تێدا بێت.
باسی ئەوەش كراوە، كە خەرجكردنی پاداشتەكە لە رۆژی بەدەستهێنانی باجەكە بۆ ماوەی سێ مانگ دەبێت، دوای ئەو سێ مانگە كەسەكە مافی وەرگرتنی پاداشتی نامێنێت.
وەزارەتی دارایی بڕیاری داوە كە: "فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری و بەڕێوەبەرایەتییە لاوەكییەكان و كەسانی پلەیەكەكان ئەو پاداشتە نایانگرێتەوە.
ئەوەش دووپات كراوەتەوە، ناو و زانیاری (هەواڵدەری نهێنی) نهێنی دەبێت و نابێت ئاشكرا بكرێت، ئەویش بەپێی یاسای باجی دەرامەت، تەنیا لە تۆماریكدا زانیارییەكانی هەواڵدەر تۆمار دەكرێـت، كە هەندێك زانیاری لەخۆ دەگرێت.
د. کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج و دەرامەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بۆ ئەوەی خۆدزینەوە لە باج کەمبکرێتەوە، کە دیاردەیەکە و هەیە، بۆ هاندانی خەڵک پاداشتێک دەدرێت بەو كەسانەی شوێن و پڕۆژەی ئەو باجدەرانەمان بۆ ئاشکرا دەکەن، کە لە باج تۆمار نین و خۆدزینەوەیان هەیە لە پێدانی باج، کە داهاتێکە بۆ گەنجینەی گشتی.
ئاماژەی بەوەش دا: "ئەوەی هاواڵدەریی بکات بۆ ئاشکراکردنی باجدەران، ئەوا پاداشتی 15%ی کۆی داهاتی ئاشکراکراو وەردەگرێ، مەرجیش ئەوەیه کەسەکە فەرمانبەری باج نەبێ، ئێمە دەمانەوێ خەڵک لگەڵمان هاوکار بن، چونکە باج سامانی خەڵکە
وەڵام بدەوه