Kurdistan Press - مەسرور بارزانی میحوەری پردێ قەوارەی ھەرێمی کوردستان پاراست. مەسرور بارزانی میحوەری پردێ قەوارەی ھەرێمی کوردستان پاراست. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

مەسرور بارزانی میحوەری پردێ قەوارەی ھەرێمی کوردستان پاراست.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پردێ "میحوەرێکی زۆر زۆر سەرەکی بووە، بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان دوای ئەوەی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کرا و نەیهێشت قەوارەی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت". دەشڵێت، پابەندن بە دەستووری عێراق، دەیانەوێت لەرێگەی دەستوورەوە ماددەی 140 جێبەجێبکرێت و "داکۆکیش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین.

ئەمڕۆ هەینی 30ـی حوزەیرانی 2023، لە سێیەم رۆژی جەژنی قوربان (حاجییان)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی جەژنەپیرۆزە، سەردانی پێشمەرگەکانی میحوەری پردێی کرد.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا جەژنەپیرۆزەی لە پێشمەرگەکان کرد و پێیانی راگەیاند، "لە سایەی زەحمەت، خەبات و ماندووبوونی ئێوە، خەڵک لە ماڵەکانی خۆیان جەژن دەکەن. ئێوە سەنگەرەکانتان پاراستووە، کوردستانتان پاراستووە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە ئارامی و خۆشی جەژن بگێڕین، حەقەت ئەمە جێی دەستخۆشی هەموو لایەکە.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی بە پێشمەرگەکانی ئەو میحوەرەی گوت، پێشتر لە "کاتە ناخۆشەکاندا" یەکتریان بینیوە، بەڵام ویستوویەتی ئەمجارە بۆ جەژن سەردانیان بکات. ئاماژەی بەوەش دا، میحوەری پردێ "میحوەرێکی زۆر زۆر سەرەکی بووە، بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان، دوای ئەوەی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کرا. ئێرە رێگر بوو لەوەی ئەم پلانە پیسە سەربکەوێت و قەوارەی کوردستان تێکبدات. ئەمە جێگەی دەستخۆشییە کە ئێوە توانیتان زاڵبن بەسەر ئەو هەموو پیلانە خراپانەی کە لەلایەن ناحەزانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دارێژرابوون و بەردەوامن لەوەی کە کوردستان بپارێزن.

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، پێیان خۆشە "بە شێوەیەکی ئاشتییانە و  بەجێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور" ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان "بەخۆشی بگەڕێنەوە باوەشی کوردستانی خۆشەویستمان.

لەبارەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا گوتی: "ئێمە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی ماددەی 140 وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، هەرچەندە بەداخەوە، بەڵام لایەنەکەی تر زۆر پابەند نین بە رێککەوتنەکان. سەرەڕای ئەمەش ئێمە تا دوا قۆناغ هەوڵی ئەوە دەدەین شتەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، ئەگەر تەعدا و غەدریشمان لێکرا، لە خوا بەزیادبێت، بە پشتیوانی خوا و بوونی ئێوە تا دوا هەناسە بەرگریی لە خاک و نیشتمان و کەرامەتی ئەم میللەتە دەکەین و ئێمەش لە خزمەتتانین و لەگەڵتانین.

لەبارەی رێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، مەسرور بارزانی رایگەیاند، "ئێمە هەمیشە پابەندین بەو دەستوورە و رێککەوتنە ئاشتییانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەمانە لە بەغدا، بەڵام لەهەمانکاتدا ئێمە داکۆکیش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لەو مافانە دەکەین.

بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "دەزانین لەم ماوەیە پێشێلی ئەم مافانە کراوە، پێش ماوەیەک بینیمان کە حەتا جووتیارەکانی ئێمە غەدریان لێدەکرێت، لەسەر زەوییەکانیان دەردەکرێن و خەڵکی تر دێنن. ئەو کەسانەی ئێستا هاوردە کراون، شوێنگرەوەی ئەو جووتیارانەی کوردن، تورکمانن، خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن، کە جێگرەوەیان بکەن.

مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەدات، هەر ئەو کات لەبارەی رێگرییەکانی سوپای عێراق بەرامبەر بە جووتیارە کوردەکان، تەلەفۆنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و پێی گوتووە "ئەمە پێشێلکردنی دەستوورە و ئەمە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە، کە پێویستە جەنابت وەکو سەرۆکوەزیرانێک، نەکەویتە ئەم جەبهەیە و وەکو سەرۆکوەزیرانی هەموو لایەک تەسەروف بکەیت و ئەم غەدرە قبووڵ نەکەیت." وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی دەڵێت، سوودانی لە وەڵامدا پێی گوتووە، "بەدواداچوون بۆ رووداوەکان دەکەین". 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه