ئەمڕۆ چوارشەممە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە لە هەر شوێنێك سیستەمی پریپەید هەبێت، كارەبای 24 كاتژمێری هەیە، وەزارەتی کارەباش دەیەوێ بە مەبەستی كارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتییان، سیستەمی پریپەید بۆ هەموو شارەکان دابین بکات.
وەزارەتی کارەبا بە مەبەستی دابینکردنی كارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتییان، دەیەوێت سیستەمی پریپەید بۆ شارەکان دابین بکات و ئەو شوێنانەی ئێستا کارەبایان کراوەتە ئەم سیستەمە، 24 کاتژمێر کارەبایان هەیە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی بڵاو كردووەتەوە كە بە پریپەیدكردنی كارەبای نیشتمانی، جگە لەوەی كارەبایەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات، لەو شوێنانەی سیستەمەكە جێگیر كراوە، لۆدی سەر گۆڕەرەکانی کارەبا بە نزیکەی ٥٠٪ کەم بووەتەوە و کارەبای بەردەوام بۆ پڕۆژە، بیرەکانی ئاو و ڕووناکیی شەقامەکان دابین کراوە.
ئەمەش جگە لەوەی کە ئەم سیستەمەی کارەبا، دەتوانێت بارزۆری و کێشەی ڤۆڵتیە بە تەواوی چارەسەر بکات.
سیستەمی پریپەید، جگە لە ژینگەیەكی پاك و كارەبایەكی باش و بەردەوام، بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییانی بەهۆی نەهێشتنی دوو سەرچاوەی پێدانی کارەبا کەمتر كردووەتەوە، لەو شوێنانەی سیستەمەكەیان بۆ بەستراوە، سەرپێچییەکانی سەر کارەبا چارەسەر کراون و ژمارەی راستەقینەی هاوبەشانی کارەبا بە دیار کەوتوون.
ئەمەش لە کاتێک دایە ملیۆنێك و ٣٠٠ هەزار پێوەری زیرەک لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراون، بەمەش ٩٢٪ـى هاوبەشان پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە و ئامادەن بۆ ئەوەی بكرێنە سیستەمی پریپەید.
وەڵام بدەوه