لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، زانیاریی تازە دەربارەی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستانو لە پڕۆژەبودجەی عێراق ئاشكرا دەكات و دەشڵێت: بڕگەی باش لە بودجە بۆ پشكی هەرێمی كوردستان دیاری كراون و مووچەی مووچەخۆرانیش مەترسیی لەسەر نامێنێت.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: لەگەڵ هەندێك تێبینیش، بەڵام پڕۆژە یاسای بودجە لایەنی باشی زۆری تێدایە بۆ هەرێمی كوردستان، لەوانە جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان و تەرخانكردنی 90 ترلیۆن دینار بۆ خەرجییەكانی حاكیمە، كە تێیدا پسوولەی خۆراك و گەنمی جووتیاران و دابینكردنی دەرمان و پێداویستی و سووتەمەنی و وزە و خەرجیی هەڵبژاردنەكانی تێدایە. ئاماژەی بەوەش دا: "681 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی كوردستان مووچەكانیان چەسپێندراوە و 100 ملیار دیناریش بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 دانراوە، ئەگەرچی ئەم بڕە پارەیە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە كەمە، بەڵام بۆ زیندووكردنەوەی ئەو ماددە دەستوورییە گرنگیی زۆری هەیە. ئومێدەوارم لەناو پەرلەماندا هەوڵی زیادكردنی بدرێت.
نەرمین مەعرووف ئاشكراشی كرد: "دامەزراندنی لیوای 20ی هاوبەشی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزی فیدڕاڵیدا بودجەی بۆ تەرخان كراوە و سێ هەزار و 777 پلەی وەزیفی بۆ ئەو لیوا هاوبەشە جێگیر كراون. سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە ئەگەرچی بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم و لەناو خەرجیی سیادی هەژمار دەكرێت، كەچی لە دووتوێی وەزارەتی بەرگریی عێراق دانراوە و زیاتر لە 228 ملیار دینار دانراوە لە خەرجیی سیادی بۆ هێزی پێشمەرگە، وەكو هێزێكی زەمینی لەناو سیستمی بەرگریی عێراقدا.
بڕی 9 ترلیۆن و 300 ملیار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، کە مانگانە دەکاتە 775 ملیار دینار، کە ژمارەیان بە 681 هەزار و 979 فەرمانبەر دەستنیشان کراوە، لەچاو ساڵی 2021 ئەم تەرخانکراوە بە بڕی 3 ترلیۆن و 525 ملیار دینار زیادی کردووە، هەروەها بڕی یەك ترلیۆن و 346 ملیار دیناریش وەک خەرجیی مووچەی خانەنشینی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە، کە لە مانگێکدا دەکاتە بڕی 112 ملیار دینار.
ئەندامەكەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: "هەرچەندە پشكی هەرێمی كوردستان، كە بە 12.67% دیاری كراوە و زیاتر لە 15 ترلیۆن دینارە و ئەوەش گرنگە بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژەكان و دابینكردنی مووچە، بەڵام ئەم ڕێژەیە كەمە، لەكاتێكدا بەپێی ڕێژەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، كە خودی وەزارەتی پلاندانان دایناوە و بە 14%ی خەمڵاندووە. هەر خۆی لەخۆیدا ئاماری وەزارەتی پلاندانان كراوەتە بنەما بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان و وەزارەتەكە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانی بە 14% خەمڵاندووە، هەرچەندە پشكی هەرێمی كوردستانمان پێ كەمە، بەڵام زیاتر لە 15 ترلیۆن دینار، كە پشكی هەرێمی كوردستانە، كاریگەریی باشی لەسەر ئابووری و بووژانەوەی سێكتەرە ئابوورییەكان و مووچە و جووڵاندنی كار و كاسبی و پیشەی خەڵك دەبێت، ئەمە بڕە پارەیەكی باشە ئەگەر بە دروستی بگاتە هەرێمی كوردستان و مووچەی مووچەخۆران مەترسیی لەسەر نامێنێت، ئەگەرچی ئەمە شایستەی تەواویی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام بڕەكەی كەم نییە.
روونیشی كردەوە، چاوەڕوان دەكرێت لەكۆتایی ئەم مانگەدا پڕۆژە یاسای بودجە پەسند بكرێت، گوتیشی: "400 ملیار دینارەكەش تاوەكوو بودجە پەسند دەكرێت بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت و كێشەی تێدا نییە.
رۆژی 13ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وهزیرانی عێراق رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی گشتی پهسهند كرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و رۆژی 5ـی نیسانی 2023، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە كرد و رۆژی 16ی نیسانیش خوێندنەوەی دووەمی بۆ كرا.
وەڵام بدەوه