سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان ئاشکرای کرد، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەمدەرامەت و کرێنشینان دروست دەکرێن.
گۆران عەوێنە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کرێنشینان بەردەوامن و بڕیارە ئەمساڵ ژمارەیەک شوققەی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەسەر کرێشنینان و فەرمانبەران دابەش بکرێن، کە لە زیاتر لە ھەزار و ١٠٠ شوققە پێکھاتوون و بەشێکیان تەواو بوونە و بەشێکی دیکەشیان لە قۆناغی کۆتاییدان.
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان گوتیشی، ئەو شوققانە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دروست کراون و بەپێی خاڵ و لە رێگەی تیروپشکەوە دابەش دەکرێن، کە لە سنووری ھەر ١٠ قەزاکەی پارێزگای ھەولێر دروست کراون.
عەوێنەیی روونیشی کردەوە، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری داوە ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێن بۆ چینی ھەژار و کەمدەرامەت، بڕیارە ئەو یەکانە بۆ خەڵکی ھەژار و کرێنشین دروست بکرێن بە بێ پێشەکی و بە نرخێکی ھەرزان بە شێوەی قیستی درێژخایەن بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتدا دابەش بکرێن، ئەمەش ھەوڵێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کرێنشینان و رزگاربوونیان لە کرێچێتی.
وەڵام بدەوه