ئەوەی لەسەر سنوورەکانی پۆڵۆنیاو بیلاروس دەگوزەرا، یاریکردن بوو بە چارەنووس و ژیان و گیانی کۆچبەرانەوە.
ئەمە تەڵەیەکی لەپێشدا داڕێژراو بوو ، دیکتاتۆری رووسیەی سپی لەوپەڕی بێ ویژدانیدا، وەک کارتێکی گوشارو تۆڵەسەندنەوە لە ئەوروپا، بە راوێژو ئامۆژگاری ڤلادیمیر پوتین، دژی یەکێتی ئەورووپا نابوویەوە.
لەپاڵ دروست کردنی ئەم دۆخە سەخت و تاقەت پرۆکێنەشەوە، دیکتاتۆرە لاسارەکەی بیلاروس بەردەوام بوو لەسەر شانۆگەری و ململانێی شاراوە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپاوە.
لەپشت ئەم ململانێیەشەوە کۆمەڵێک ئەکتەرو بکەری دڵڕەق و دوور لە ئەخلاق و ویژدان، دۆخی خەفەتباری کۆچبەرانیان کردبوو بە قەڵغان و ئامرازو کارتێکی گوشارو تەنگ پێ هەڵچنین بە مەبەستی چنینەوەی کۆمەڵێک دەسکەوتی ستراتیژی و درێژخایەنی ئابوری و سیاسیەوە.
گواستنەوەی گازی روسی بۆ ئەوروپا لە لایەن ئەوروپاوە و بە ئەنقەست نادیدە گرتنی رۆڵی بیلاروس لەم هاوکێشە ئابوریە زەبەلاحە پڕ دەسکەوتە، سەرۆکی بیلارۆسی هێنایە سەر هێڵ و لە یاریەکی قێزەوەندا بوو بە یاریکەرێکی شارەزای بێ موراڵ بە چارەنوس و ژیان و گوزەرانی کۆچبەران و قۆزتنەوەیان وەک کارتێکی فشارو تەنگ پێ هەڵچنینی یەکێتی ئەوروپا.
وەڵام بدەوه