باندێکی شەش کەسی بە تۆمەتی ساختەکردنی چەکی بانکی و دزینی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دەستگیرکراون و ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.
بەپێی زانیارییەکان هێزە ئەمنیەکانی هەولێر، هەفتەی رابردوو باندێکی شەش کەسییان دەستگیرکردووە کە فەرمانبەری حکومین و چەک و مۆری لیژنەی دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگەیان ساختەکردووە، بەنیاز بوون بڕی سێ ملیار دیناری مووچەی پێشمەرگە بدزن.
رووداو زانیویەتی، باندە شەش کەسییەکە دوای ئەوەی پارەکەیان لە بانک راکێشاوە، بردوویانە و لە خانەباخێکی نزیک شاری هەولێر لە کاتی دابەشکردنی پارەکەدا دەستگیرکراون.
بەپێی زانیارییەکان، باندەکە لەلایەن دژەتیرۆرەوە دەستگیرکراون و ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەستیپێکردووە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گوت: "لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە دەستیپێکردووە و دادگە یەکلایی دەکاتەوە."
ئەو پارەیەی کە بردوویانە، بڕی سێ ملیار دینارە بۆ مووچەی بەشێکی پێشمەرگە دانراوە، بەڵام دەست بەسەر پارەکەدا گیراوەتەوە و لەکاتی بردنی پارەکەشدا، تۆمەتبارەکان لە کامێرای چاودێرییەوە دەرکەوتوون.
وەڵام بدەوه