ئاژوان جەمیل هەورامی، ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هێزێک بە مەبەستی دەستگیرکردنی چوونەتە ژێرزەمینی ئەو شوقەیەی تێیدا دەژی، بەڵام ئامادە نییە خۆی رادەست بکات و دەڵێت: "کێ بەرپرسە ئەگەر رووبەڕووبوونەوە روویدا.
رۆژی سێشەممە 04-04-2023 ئاژوان جەمیل هەورامی راگەیاند، نازانێت ئەو هێزە بەناوی چییەوە هاتوون دەستگیری بکەن و دەڵێت، "من ئەفسەرم لە هێزەکانی پێشمەرگە، ئەگەر بڕیاری دەستگیرکردنم هەبێت، دەبێت مەرجەعی خۆم، کە وەزارەتی پێشمەرگەیە، ئاگادار بکرێتەوە.
ئاژوان جەمیل هەورامی، کە ماڵی لە شوقەکانی گاردن ستییە لە شاری سلێمانی، گوتی: "ئەو هێزە لە نیوەڕۆوە لە ژێرزەمینی شوقەکەمانن، هاوژینەکەم بۆ هەندێک کاری پێویست چووە خوارەوە، بەڵام لەلایەن ئەو هێزەوە دەستگیرکراوە و نازانم لە کوێیە.
باوکی ئاژوان (جەمیل هەورامی) سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتییە، ئاژوان گوتی:پەیوەندیم بە باوکمەوە کردووە، ئەویش پێیڕاگەیاندم کە قسە لەگەڵ ئاسایش دەکات.
ئاژوان جەمیل هەورامی، کە کێشەی لەگەڵ ماڵی خەزوورانی هەبوو، پێشتریش لە 29-10-2022 لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە لە ماڵەکەی دەستگیرکرا، بەڵام بەدووری دەزانێت گرتنەکەی ئەمجارەی پەیوەندیی کێشەی ماڵی خەزوورییەوە بێت.
ئاژوان گوتی:لەسەر ئەو کێشەیە بە کەفالەت ئازادکراوم، دۆسیەکەم لەلای پۆلیسە، ئەگەر بڕیار بێت بگیرێم دەبێت پۆلیس بێت دەستگیرم بکات، نەک ئاسایش، جگە لەوەش من ئاشتەواییم لەگەڵ ماڵی خەزوورم کردووە.
بە گوتەی ئاژوان، هێزەکە تاوەکو کاژێر 04:00ـی دوانیوەڕۆ "هەر لە شوێنی خۆیانن." دەشڵێت، "ئەگەر رووبەڕووبوونەوە روویدا و کەسێک شتێکی بەسەرهات، کێ بەرپرسیارە؟"
وەڵام بدەوه