لە ئایندەیەکی نزیکدا تیروپشک بۆ دابەشکردنی شوققەی کرێنشینان دەکرێت، پارێزگاری هەولێریش دەڵێ، دوو شوێنی زۆر گرنگ لە نێو هەولێر بۆ دروستکردنی ئەم شوققانە دیاری کراون، کە دەکەونە نێوان شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری.
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان، لە ھەولێر دوو شوێن دیاری کراون، ئەو زەوییانەش کە لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستنیشان کراون، دوو زەویی زۆر گرنگن کە هەردووکیان دەکەونە نێوان شەقامی ١٢٠مەتری و ١٥٠مەتری، ڕەگەزی زەوییەکانمان گۆڕیون کە پێشتر بازرگانی بوون ئێستا دەبنە نیشتەجێبوون، ئەوانیش ناوچەی گەڕەسۆر لە بنەسڵاوە و باغلومنارەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دەکرێت".
خۆشناو گوتیشی: "دواکەوتنی پڕۆژەکە، بۆ گۆڕینی ڕەگەزی زەویی پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە و ھیچ ھۆکارێکی دیکەی نەبووە، لە ئێستاشدا ئامادەکاریی تەواو کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکیدا وەبەرھێنەر دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکات."
پارێزگاری هەولێر دەشڵێ: "بۆ ئەو فۆڕمانەی کە لەلایەن کرێنشینانەوە پڕ کراونەتەوە، لە دیوانی پارێزگای ھەولێر تیروپشک بۆ ناوی کرێنشینان دەکرێت و دواتر دەست بە پڕۆژەکە دەکرێت.
وەڵام بدەوه