Kurdistan Press - ھەڵەبجە بووە پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق. ھەڵەبجە بووە پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ھەڵەبجە بووە پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13-03-2023، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دا ئەو بڕیارەی داوە، بەوەش هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای ژمارەی 19ـی عێراق.

رۆژی 12ـى ئادارى 2023، عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، نووسراوێکى فەرمییان ئاراستەى ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کردووە و تێیدا ئەنجامی هەڵسەنگاندنى ئەو وەزارەتەیان لەبارەى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە بۆ روونکردوونەتەوە کە لە رووى چالاکیی ئابوورى و بوونى یەکەى ئیداریی و ژمارەى دانیشتووانەوە، شایستەى ئەوەیە ئاستەکەى بەرزبکرێتەوە بۆ پارێزگا. 

عەبدولزەهرە هنداوى ئاماژەى بەوە دا، ئەو نووسراوەیان لەبەر رۆشنایی سەردانى تیمێکی وەزارەتى پلاندانان بووە بۆ پارێزگاى هەڵەبجە، بەمەبەستى هەڵسەنگاندنى دۆخى ئابوورى، ئیدارى و ژمارەى دانیشتووان.

13ـی ئاداری 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری بە پارێزگاکردن بۆ هەڵەبجە دەرکرا و پێشتر لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2013 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵەبجەی بە پارێزگا ناساند، بەڵام کارەکانی تەواونەکران. 

‌هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.

شارەکە لە ئاداری 1988 لەلایەن رژێمی بەعسەوە کیمیابارانکرا، بەهۆیەوە نزیکەی پێنج هەزار کەس شەهید بوون و دوو هێندەش بریندار بوون.

ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.

ماوەی 20 ساڵ دەبێت هیچ پارێزگایەکی نوێ لە عێراق دروستنەکراوە، لەکاتێکدا بەراورد بە ساڵی 2003 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە رێژەی 40٪ زیادیکردووە و لە 25 ملیۆنەوە بووەتە 42 ملیۆن کەس. دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش بە رێژەی 27٪ زیادیکردووە و لە 4 ملیۆن و 800 هەزار کەسەوە بووەتە زیاتر لە 6 ملیۆن و 400 هەزار کەس.

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه