لە درێژەی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی خۆیدا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوژمەیەکی بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەی سیدەکان تەرخان کردووە.
لەوبارەوە، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "حکوومەتیی هەرێمی کوردستان، رەزامەندیی دەربڕیوە بە تەرخانکردنی گوژمەیەک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی 25 قەلوێرەیی ناحیەی سیدەکان.
د. زیدان برادۆستی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگهیاند: "دەستخۆشی لە رێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە رەزامەندیی دا بە تەرخانکردنی دوو ملیار و 865 ملیۆن و 384 هەزار دینار، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی 25 قەلەوێرەیی لە سەنتەری ناحیەی سیدەکان لە دەڤەری برادۆست، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران".
گوتیشی: "جێگای خۆیەتی سوپاسی وەزیری تەندروستی بکەین، کە شوێن پەنجەی لەم کارەدا دیارە، هەروەها سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەری ناحەی سیدەکان، ھاوکار و رێگەخۆشکەر بوون بۆ داواکارییەکانی ئێمە، لە وەرگرتنی رەزامەندیی ئەم پڕۆژەیە.
وەڵام بدەوه