لەپێناو بە دواداچوونى زیاتر و چڕکردنەوەى هەوڵەکانى گەڕان بەدواى دۆزینەوەى منداڵە ونبووەكەی گەڕەكی قەرەبووی شارهدێی كەسنەزان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە پاڕیزگاری هەولێرهوه کرد و ڕایسپارد هەرچى پێویست بێت بۆ دۆزینەوەى ئەنجامی بدەن.
ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر له پهیوهندییهكهدا پوختەیەکى لەبارەى هەوڵەکانى گەڕان و بەدواداچوونەکان بۆ دۆزینەوەى ئەو منداڵە پێشکەش بە مەسرور بارزانی سەرۆکى حکوومەت کرد و دڵنیایی کردەوە کە هەموو هەوڵێک خراوەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەى و هەڵمەتى گەڕانى تیمەکانى (بەرگرى شارستانى، ئاسایش، یەکەى K9ى وەزارەتى پێشمەرگە، تیمەکانى فڕۆکەوانى، پۆلیسى ناوچەکە) بەدوایدا بەردەوامە.
هەر ئەمڕۆش پارێزگار پێشوازی لە خانەوادەى منداڵەکە کرد و نووسینگەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش پەیوەندییان بە بنەماڵەى منداڵەکە کرد، پشتیوانى مهسرور بارزانییان پێ ڕاگەیاند و جەختیان لەوە کردەوە کە هەرچى پێویست بێت دەکرێت بۆ هاریکاری و یارمەتیدانیان لەپێناو دۆزینەوەى منداڵەكه.
منداڵهكه ناوی (ئەیووب ئەحمەد سەعدوڵا)یه و تەمەنی 13 ساڵە، ماوەى (7) ڕۆژە لە ماڵ چۆتە دەر و تاکو ئێستا شوێن بزر و بێ سەروشوێنە.
هەر لە یەکەم ڕۆژى ونبوونەکەی، پارێزگارى هەولێر لەگەڵ کەسوکار و بنەمالەکەی لەسەر هێل بووە و تەواوى تیمەکانى ڕاسپاردووە بە شەو و ڕۆژ هەڵمەتێکى فراوانى گەڕان بۆ دۆزینەوەى ئەنجام بدن.
پێرێ شەمووش پارێزگار خۆی سەردانى بنەماڵەکەى کرد و چووه ئهو شوێنهی کە دواجار منداڵەكهى لێ بینراوە، لە ئێستاشدا لە نزیکەوە بەدواداچوون و چاودێرى وردى پڕۆسەى گەڕان بەدواى دۆزینەوەى ئەو منداڵە دەکات.
وەڵام بدەوه