لە مەراسیمێكی تایبەتدا، بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و، بە ئامادەبوونی محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی پارێزگای هەڵەبجە كرایەوە.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: "سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین سەرباری قەیرانەكانیش، هاوكاری هەڵەبجە بووە بۆ كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، داواش لە حكوومەتی هەرێم دەكەین هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانمان بۆ بكاتەوە".
پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "داوا دەكەین لە بودجەی ساڵی داهاتوودا حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان جێگای هەڵەبجە وەك پارێزگایەك بكەنەوە، لە لای حكوومەتی هەرێم سەد لەسەد پارێزگاین، بەڵام لای حكوومەتی عێراق وەك پارێزگایەكی تەواوەتی مامەڵەمان لەگەڵدا نەكراوە".
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە دەكەینەوە، كردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەرگایەكی فراوان دەكاتەوە، تا ئێمە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە باشتر مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێناندا بكەین".
شوكری گوتیشی: "هەڵەبجە دەرفەتی باشی وەبەرهێنانی تێدایە، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشی ئەو هەلانە بقۆزینەوە، پێویستە وەبەرهێنەران بێنە هەڵەبجە وەبەرهێنان بكەن، یەكەم هەنگاویشمان دانان و دروستكردنی نەخشەی وەبەرهێنانە لە هەڵەبجە، تاكو بتوانین دەرفەتەكان بۆ وەبەرهێنان لە هەڵەبجە زیاتر بكەین".
ناوبراو زیاتر گوتی: "زیاتر لە ساڵێكە ئێمە سەرقاڵی دابینكردنی زەوین بۆ دروستكردنی ناوچەی پیشەسازی لە هەڵەبجە، بە دابینكردنی زەوییەكەش 25 كارگەی خۆراك لە هەڵەبجە دادەمەزرێن و چەندین هەزار هەلی كار دەڕەخسێت، ئەوەش سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ حكوومەت و دانیشتووانی پارێزگاكە".
دەشڵێ: "سوپاس بۆ سەرۆكوەزیران و جێگرەكەی، كە پاڵپشت بوون لە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكەدا، پێیان گوتووین هەڵەبجە تایبەتە و دەبێت بە تایبەتیش كاری لەسەر بكەن و، هەوڵ بدەین وەبەرهێنانەرانی كوردستان و دەرەوە ئاڕاستە بكەین لە هەڵەبجە وەبەرهێنان بكەن".
وەڵام بدەوه