قسەیەکی ئەحمەد خاتەمی، گوتارخوێنی تاران، گوایە باسی لەوە کردووە کە زمانی کوردی زمانی جەهەنەمییەکانە، راست دەرنەچوو، ئەو کەسەی گرافیکێکی بە ناوی خاتەمییەوە دروستکردبوو دەڵێت: بۆ "گاڵتە، فشە و دڵخۆشکردنی خەڵک" ئەو کارەی کردووە.
ئەو کەسە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی رازی نەبوو ناو و ناونیشانەکەی بڵاوبکرێتەوە، بە رووداوی راگەیاند، رقی لە کۆماری ئیسلامییە، بۆیە بۆ "گاڵتەکردن" بە بیروباوەڕی دەسەڵاتدارانی ئێران و "پێشاندانی هێز و توانای کورد و بەلوچ" بە شێوازی گرافیک قسەی بۆ رێبەرانی ئێران، یەکێک لەوانە ئەحمەد خاتەمی هەڵبەستووە.
ئەو هاونیشتمانییەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، تائێستا چەندین قسە و بیروبۆچوونی بە ناوی زمانی ژمارەیەک لە بەرپرسان و پایەبەرزی ئێرانەوە هەڵبەستووە، بەڵام ئەوەی بۆ ئەحمەد خاتەمی دروستی کردبوو، لەم دوو رۆژەدا لە تۆڕە کۆمەڵاتەتییەکان زۆرترین دەنگدانەوەی هەبوو، هەرچەندە ئەو گرافیکەشی دوو هەفتە لەمەوبەر دروستکردووە.
ئەو لەو گرافیکەدا، کە بۆ ئەحمەد خاتەمی دروستیکردووە، نووسیوویەتی: "زمانی فەرمیی جەهەننەم کوردییە." لە گرافیکێکی دیکەدا هەر لەسەر زاری ئەحمەد خاتەمی دەڵێت: "ئەو زیانەی کورد و بەلوچ بە کۆماری ئیسلامی و رێبەرەکەی گەیاندیان، یەزیدیش لە دەشتی کەربەلادا بە ئیمام حوسێنی نەگەیاندووە."
سەید ئەحمەد خاتەمی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی بژاردەکانی رێبەری، ئەندامی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور و گوتارخوێنی تارانە.
ئەو گرافیستە گرافیکی هاوشێوەی بۆ هەندێک لە رێبەرانی دیکەی ئێران و هەندێک کەسایەتیی دژبەری ئێرانیش، لەوانە رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران دروستکردووە.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، ویستوویەتی خەڵک "لە ئاست خورافیات"ـی ئەو کەسانەدا هۆشیار ببننەوە و ئاستی تێگەیشتن و پاشکەوتووییان نیشان بدات.
وەڵام بدەوه