عەنتەر فەرهاد، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە گوندی یەکمالەی کۆن لە سنووری رۆڤیا کەسێک کوژرا. بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەشیش دەڵێت، کێشەکە لەنێوان دوو برا بووە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان پرێس، ئەو کەسەی کوژراوە ناوی نەزیر ئیبراهیم ـە، خێزاندارە و منداڵیشی هەیە. بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا دەڵێت، نەزیر پێشتر دوو برازای دیکەی خۆی کوشتووە و ئەو رووداوەی ئەمڕۆش پەیوەندی بەوەوە هەبووە.
"کێشە کۆمەڵایەتییەکە لەنێوان دوو برا بووە"
عەمید سەعدی ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش رایگەیاند، ئەو کێشە کۆمەڵایەتییە بۆ پێنج ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. دەشڵێت، کێشەکە لەنێوان دوو برا بووە و یەکێک لە براکان بە ناوی نەزیر پێشتر دوو برازای دیکەی خۆی کوشتووە و هەڵهاتووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش دەڵێت، دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە رووداوەکە، ئەمڕۆ نەزیر گەڕاوەتەوە گوندەکە، کە "نازانین چۆن و بۆچی گەڕاوەتەوە"، بەهۆیەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەتۆمەتی کوشتنی نەزیر دەستگیرنەکراوە. بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش دەڵێت، رووداوەکە تازەیە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
وەڵام بدەوه