Kurdistan Press - وەڵامێکی توند لە پارتییەوە وەڵامێکی توند لە پارتییەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

وەڵامێکی توند لە پارتییەوە

وەڵامێكی توند لە پارتییەوە
بەشی ڕۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی ئەندامێكی سەركردایەتی پەكەكە دەداتەوە و دەڵێت، گەر كابرا ئەو قسەیەشی كردبێت، نیشانە و دەلیلی هیچ نییە غەیری دید و تێفكرینێكی ڕقاوی زوبێر و ئەوانەی ڕەواجی پێدەدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 29ـی كانوونی یەكەم، بەشی راگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی دیموكراتی كوردستان هاتووە، ماڵپەڕی "ئاوێنە"، ڕاپۆرتە هەواڵێكی لەسەر قسەكانی زوبێر ئایدار-ی ئەندامی سەركردایەتیی پەكەكە بۆ تەلەڤیزیۆنی حزبەكەی لەبارەی بكوژی ئاگیهان ئاكارسەل، ژنە چالاكوانی پەكەكە، كە ڕۆژی 4ـی10ـی2022 لە نێو شاری سلێمانی ـ دا كوژرا، ئامادە و بڵاو كردووەتەوە. 

بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە، گوایە زوبێر گوتوویەتی (بكوژەكەی ئاگیهان ئاكارسەل، دەناسین و دەزانین چی گوتووە و بەنیازیش بووە دوای كارەكەی بەرەو هەولێر هەڵبێت، بەڵام گیراوە).

بەشی ڕۆشنبیی پارتی دەڵێت، دەستپێك بەر لە وەڵامدانەوەی كورت و پوختی قسەكانی زوبێر، ئەوەی جێی سەرنجە "ئاوێنە"، وەك هەنگوینی لە دارا دۆزیبێتەوە، لە جیاتی كنەكردنی وردەكاریی ڕووداوێكی واقیعی كوشتن و، وردەكاریی و هەلومەرجی جێبەجێكردنی و فەرماندەر و تەگبیركەرانی، هاتووە بۆ تانەدان لە هەولێر، قسەیەكی زوبێری كردووەتە مانشێت كە مەرج نییە ڕاست بێت، ئاخر ئەو قسەیە، قسەیەكە لەبارەی نیاز و گریمانەیەكەوە كە ڕووی نەداوە، دوای ئەوە كێ دەڵێت ئەو قسەیە لەلایەن تەگبیركا‌رانەوە نەخراوەتە سەرزاری بكوژەكە؟.. لەوانەش گرنگتر؛ گەر كابرا ئەو قسەیەشی كردبێت، نیشانە و دەلیلی هیچ نییە غەیری دید و تێفكرینێكی ڕقاوی زوبێر و ئەوانەی ڕەواجی پێدەدەن. 

باس لەوەش كراوە، زوبێر و پەكەكە گەر لە خەمی ئەندامەكەی خۆیان و زانینی ڕاستییەكان بوونایە، دەبا یەخەی ئەو دەسەڵاتە سیاسی و ئەمنییە بگرن كە لە بن دەسەڵاتی ئەوان و بە بەرچاوی ئەوانەوە كوشتنەكە جێبەجێ كراوە. جێی پرسیارە؛ پەكەكە بۆچی وازی لە شوێن و كات و وردەكاریی كوشتنی ئەندامەكەی هێناوە، وازی لەوە هێناوە كێ داڵدەی بكوژەكەی داوە و چەكی لە كوێ هێناوە، كەچی لە دووی ئەو شوێنەیە كە گوایە بكوژەكە نیازی هەبووە بۆی هەڵبێت؟!..

روونكراوەتەوە، "ئاوێنە" لە زاری زوبێرەوە دەڵێت: بكوژەكە گوتوویەتی كە بۆ كوشتنی ئاگیهان ئاكارسەل چووەتە سلێمانی و (ئەوان) پارە و هەموو شتێكیان پێداوە. دەپرسین: ئەو ((ئەوان))ە كێن و زوبێر بۆچی ناوێرێت، یان نایەوێت ناویان بێنێت؟!!.. 

لە كۆتایی وەڵامەكە هاتووە، پاشان؛ ئەگەر بكوژەكە گوایە نیازی هەبووە بۆ هەولێر هەڵبێت، ئەی زوبێر و پەكەكە پێمان ناڵێن بكوژەكانی دیكەی ئەندامەكانیان كێن و لە كوێن؟.. ئەرێ بكوژی كانی یەڵمازی بەرپرسی ئەورووپای پەكەكە و بەرپرسی خودی زوبێر ئایدار كێیە و لە كوێیە؟ حزبەكەی زوبێر، (پەكەكە) مێژوویەكی ڕەشی لە كوشتن و ڕاوەدوونان و هەوڵی ڕیسواكردنی ئەندامەكانی خۆیدا هەیە. دوور نییە، ئەم تۆمەتبەخشینەوە و بیانووپێگرتن و ناوهێنانی بێ پاساوی هەولێر، هەوڵێك نەبێت بۆ داپۆشینی لاپەڕەیەك لەو مێژووە ڕەشەیان‌!..

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه