هەولێر دەستدەکرێت بە دروستكردنى یەکەکانى نیشتەجێبوونى کرێنشینان لە دوو شوێنى زۆر باش
ئەمرۆ چوارشەممە 2022.12.21 دوابەدواى فەرمانی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەى دروستکردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لەهێمن قادر و مەسعود کارەش، جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و به‌رێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەرێوەبەری گشتى شارەوانیەکان و به‌رێوه‌به‌ری نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی هه‌ولێر و به‌رێوه‌به‌ری گشتیی رێگاوبانی هه‌ولێر، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، دواى پێداچوونەوە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشوو و دابینکردنى ئەرز و وردەکاری هونەریی و دیزاین و چۆنیەتى دروستکردن و دەستپێکردنى پرۆژەکە لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى و به‌رێوه‌به‌رایەتی نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی هه‌ولێر، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى ئەوەى جه‌ختی لە جێبەجێکردنی فەرمان و ڕاسپاردەى سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه لەبارەى دروستکردنی یەكەکانی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشین و كەمدەرامەتان، بڕیاریدا دەست بە دروستکردنى پڕۆژەکە بکرێت لە ڕێگەی باشترین وەبەرهێنەرانی کوردستان، بە باشترین و چاکترین کوالێتى و شێواز، لە دوو شوێنى زۆر باشى شارى هەولێر، کە دەکەوێتە نێوان شەقامى 120مەترى و 150مەترى.
لەتەوەرێکى تر‌ى کۆبوونەوەکەدا، لیژنەیەکى تایبەت پێکهێنرا بۆ دەستکردن بە هەڵاواردن و جیاكردنەوەی ناوى ئەو (59 هەزار) هاوڵاتییەى کە فۆڕمى داواکاری وەرگرتنى یەکەکانیان پڕکردۆتەوە و پاشان دەستبکرێت بە تیروپشکى داواکارییەکان بۆ وەرگرتنى (6 هەزار) یەکەى نیشتەجێبوون، کە دەبێت ئەوناوانەى یەکەکانیان بۆ دەردەچێت 100% شایستەبن و هەموو ئەو مەرجانەى کە دانراون لەسەیان جێبەجێبکرێت و پرۆسەکەش بەشەفافی و دادپەروەرى و دوور لەواستە و واستەکارى بەڕێوەبچێت.
جێگەى باسە، رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتاى مانگى 6ى ئەم ساڵ له‌پێناو نەهێڵانى گرفتى نیشتەجێبوون و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیانی کرێنشین و هەژار و كه‌مده‌رامه‌تان، بڕیاریدا بە دروستکردنى 20 هەزار یەکەى نیشتەجێبوونى لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان، کە 6 هەزارى یەکەیان بەر پارێزگاى هەولێر دەکەوێت.
وەڵام بدەوه