بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری کەرکووک گوتی، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو لە سنووری کەرکووک رێگری لەلایەن سوپا لە جووتیارانی کورد دەکرا کە زەویەکانیان بەکاربێنن و فراکسیۆنی پارتیش لە بەغدا ھاتە سەرخەت و لە گەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق قسەیان کردبوو، ئێستا ئەو کێشەیە چارەسەرکراوە و جووتیارانی کورد دەتوانن زەویەکانیان بەکاربێنن و سوپا رێگریان لێ ناکات.
لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی سەرگەڕان و ئەندامی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ماوەی ڕابردوو جووتیارانی عەرەبی ھاوردە ھاتبوون بە پاڵپشتی سوپای عێراق و فەرمانی دادگا و کشتوکالیان دەھێنا و رێگری لە کورد دەکرا بۆ ئەوەی زەویەکان بەکار نەھێنن، بۆیە نوێنەرانی کورد و فراکسیۆنی پارتی بە تایبەت جێگری سەرۆکی پەرلەمان دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا لە گەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق قسەیان کردووە بۆ ئەوەی رێگری لە جووتیارانی کورد نەکرێت، بۆ ئەوەی زەویەکانیان بەکاربێنن".
لوقمان حوسێن گوتیشی: "ئەوەی ھەیە چارەسەری کاتییە، چونکە ھەر جارەو لە شوێنێک کێشە دروست دەبێت لە سنووری داقووق و دوبز و سەرگەڕان و ھەفتەغار و ناوچەکانی دیکە، بۆیە چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە کە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و کۆتایی بەو کێشەیە بێت، چونکە ناوە ناوە ئەو کێشانە دروست دەکرێنەوە و پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتی ھەیە، بۆ ئەوەی ئەو کێشانە دووبارە نەبنەوە".
وەڵام بدەوه