دەقی ڕاگەیەنراوەکەی کوتلەی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان:-
بەڵێ ئێوە بایکۆتتان کردووە ئیتر بۆ بە گوتنی ڕاستییەکان قەڵس دەبن
دوای ئەو کردەوە تیرۆریستییەی لە شاری هەولێر ئەنجام درا و بووە هۆی شەهیدبوونی عەقید هاوکار جاف کە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دڕندانە لەبەرچاوی خێزان و منداڵەکانی تیرۆر کرا و دوای ئەوەی هێزەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، تۆمەتبارانیان دۆزییەوە و بە بەڵگەی تەواوەوە لەسەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دانیان بە تاوانەکەدا نا، چاوەڕوان دەکرا بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران هاوکاری دادگەکان بکات، کەچی خۆی و سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، فشارێکی زۆریان کرد بۆ ئەوەی ئەم تاوانە قێزەونە پەردەپۆش بکرێت و سازشی لە سەر بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی هیچ سازشێک لەسەر پەردەپۆشکردنی تاوانەکە نەکرا، بۆیە جێگری سەرۆک وەزیران بڕیاری دا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بکات و داواشی لە تیمی وەزاری یەکێتی کرد بەشداری کۆبوونەوەکان نەکەن. هەرخودی بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران لە سەر بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕێگری کرد و نەیهێشت وەزیرەکانی یەکێتی بۆ جاری دووەم بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، بۆیە شاندەکە لە ئێوارەی 12ـی 11 بەسەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری گەڕانەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان و داکۆکیکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.
ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە کاروبارەکانی حکوومەت دووربن لە هەموو کێشەیەکی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەڵام بەداخەوە تیمی وەزاری یەکێتی لەم ڕووەوە هاوکار نین.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، دەنگی لەسەر ناردنی 400 ملیار دینارەکە دا وەک دەربڕینی نیازپاکی و پابەندبوون بەو ڕێککەوتننەی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵ کراوە، هەروەها لەسەر بنەمای کارنامەی وەزارەی حکوومەت، کەچی ڕاگەیاندنی فەرمی یەکێتی هەر زوو خۆی کردە خاوەنی ئەم بڕیارە کە گوایە بە هەوڵی یەکێتی ئەم بڕیارە دراوە، لەکاتێکدا تیمی وەزاری یەکێتی بە ئاشکرا ئامادە نەبوو بچێتە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.
بەداخەوە ئێوە هەمیشە خۆتان دەکەنە شەریک و خاوەنی دەسکەوتەکان، بەڵام لە کاتی پێویستیشدا، لە بەرپرسیاریەتی ڕادەکەن و ئامادە نین بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژوەندییە تایبەتی و حیزبییەکانتان.
وەڵام بدەوه